٪٧٠ ی باڵەخانەکانی ئادیامان وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە

بە گشتی ١١ هەزار کەس لە باڵەخانە زیانلێکەوتووەکانی ناوەندی شاری ئادیامان لە سەمسور گیانیان لەدەستداوە، لەسەدا ٧٠ی باڵەخانەکان ڕووخاون یان بەشی زۆری وێرانبووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی لە ٦ی شوباتدا باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سوریای گرتەوە، بەشێکی زۆری شارەکانی وێرانکرد و بە تایبەتی لە شاری ئادیامان لە سەمسور وێرانکارییەکی گەورەی دروستکرد.

 

نزیکەی لەسەدا ٧٠ی بیناکانی ناوەندی شارەکە وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە و نزیکەی ١١ هەزار هەزار کەسیش لەوێ گیانیان لەدەستداوە.

 

لە کاتێکدا لە شارەکە تیمەکانی فریاگوزاری نێودەوڵەتی هێشتا بەدوای ڕزگاربوواندا دەگەڕێن، یان هەوڵی دەرهێنانەوەی تەرمەکانیان دەدەن، لەکاتێکدا خێزانەکان بەتەواوی نیگەرانن کە زیاتر لە هەفتەیەک دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکە هێشتا کەسوکاریان لە ژێر دارووپەردوودا ماونەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس لە تورکیا و سوریا، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە.

 

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا تیمێکی فریاگوزاری چیکی دوو کەسیان ڕزگار کرد، هەروەها دەیان تەرمیان دەرهێنا لە ژێر بینا وێرانبووەکان.