ڕۆژانی یەکەمی شۆڕشی ژینا ئەمینی دووبارە دەبێتەوە

لە چلەی شەهیدانی سێدارەدانی شۆڕشی ژینا، خەڵکی مەهاباد شۆڕشیان دەست پێکردەوە

لارا گەوهەری

 

مەهاباد- ڕۆژی پێنجشەممە، دوابەدوای بانگەوازی سەرتاسەری بۆ چلەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، محەمەد مەهدی کەرەمی و سەید محەمەد حوسێنی، کە ٤٠ ڕۆژ بەسەر لەسێدارەدانیان تێپەڕیووە لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێران، خەڵکی شاری مەهاباد گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

 

لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٥ شەمەوە، شارەکە بەتەواوی ئەمنیەتی و ژمارەیەکی زۆر لە هێز و ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان لە ورمێ بۆ شاری مەهاباد گواستراونەتەوە.

 

شەرمین سەعیدی دەڵێت: "بەیانی زوو لە مەهابادەوە بەرەو ورمێ بەپێ ڕۆیشتم، لەسەر ڕێگاکە نزیکەی ١٢ ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییە ڕەشەکانم بینی کە بەرەو مەهاباد دەڕۆیشتن، بازگەکان وەک جاران نەبوون، و بە توندتر پشکنینی ئۆتۆمبێلی خەڵکیان دەکرد".

 

سەرەڕای کەشوهەوای پتەوی ئەمنی شاری مەهاباد، لاوانی ئازادیخوازی ئەم شارە جارێکی دیکە هاتنە سەر شەقام و شۆڕشی ناڕەزایەتیان هەڵگیرساند، ژنانی مەهاباد، وەک ڕێبەرانی کۆمەڵگە، حیجابەکانیان لە شەقامەکاندا لابرد و دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" یان دەوتەوە، وەک یەکێک لە ناوچە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد، شەقامی سەرچاوە شەوی پێنجشەممە لە سەعات ١١ەوە شاهیدی قەرەباڵغییەکی زۆری ناڕەزایەتییەکان بوو.

 

حەلیمە کەریمی تەمەن ٥٢ ساڵ لەگەڵ کچە گەورەکەی و خوشکەکەی بەشداری لەو ناڕەزایەتیانەدا کردووە

حەلیمە کەریمی بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: "بەهۆی ئەو دوو شەهیدە ستەملێکراوە و هەموو شەهیدانی شۆڕشی ژینا، ئەمشەو هاتینە سەر شەقام و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"مان بەرزکردەوە، لە هیچ شتێک ناترسین و هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگریمان لێبکات لە گەڕان بەدوای دادپەروەری، ئێمە کۆبووینەوە لەسەر شەقام لە دژی ڕژێمی ئێران ئەوەی دەیبینین ژمارەی ژنان زۆر زیاترە لە پیاوان، کوڕی گەنج هەبوون لەوێ ئامادە بوون، هەموو شەقامەکانی دەوروبەریان بە ئاگر داخستبوو و ئاگری گەورەیان لە سەرەتا و کۆتایی ئەو شەقامەدا داگیرساندبوو بۆیە کە هیچ ئۆتۆمبێلێک نەیدەتوانی پیایدا تێپەڕێت، هەموو دەرگای ماڵەکان کراوە بوون و ڕۆژانی یەکەمی شۆڕشی ژینا دووبارە دەبنەوە."

 

میدیا ئەحمەدی تەمەن ٢٧ ساڵ، هاتوەتە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی

میدیا ئەحمەد وتی: " ژمارەیەکی زۆری سەربازان و هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری گەڕەکەکەدا هەبوو، دەموچاومان داپۆشی و لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا دروشممان دەوتەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سیخوڕی لە سەرووی ئێمەوە بوون و هەروەها چەند جارێک دەنگی تەقەی ئاسمانی بیستراوە، دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان، خەڵک پەنایان بۆ ماڵەکان دەبرد، بەڵام زۆری نەخایاند جارێکی دیکە ئاگرەکە داگیرسایەوە و خەڵک بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە دەروازەی شەقامەکەیان گرتەوە."

 

لە درێژەی باسکردنەکەدا وتیشی: " هەندێک کەس لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان هۆڕن و دروشمیان لێدەدا و بە ئاگر و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و بەردی گەورە بەربەستی گەورەیان دروستکردبوو، ئەمشەو سەرەڕای هەموو ئەو مەترسیانەی کە لەم شەقامەدا هەبوون، هەستم بە زیندوویی کرد و تێگەیشتم کە نابێت هیچ شتێک ڕێگریمان لێبکات لە هاوارکردن بۆ مافەکانمان، خۆپیشاندەران تا درەنگانی شەو ئاگری شۆڕشیان بەداگیرساوی هێشتەوە و جارێکی تر توڕەیی و ڕق و کینەیان بۆ ڕژێمی ئێران دەربڕی."

 

دروشمی سەرەکی ناڕازیانی مەهاباد " ژن، ژیان، ئازادی" بوو، لە تەنیشت ئەو دروشمەش مردن بوو بۆ دوژمن، تا یەک کورد هەبێت، کوردستان خۆڕاگر دەبێت، مردن بۆ دیکتاتۆر، مردن بۆ خامنەیی، شەهید نامرێت.

 

 گەنجانی شۆڕشگێڕ دووبارە دیوارەکانی شاریان پڕ کرد لە دروشمی ناڕەزایەتی. هەروەها دوای دەدتپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، خێرایی ئینتەرنێت کەمبووەوە.