ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان هاوکاری کۆدەکەنەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بانگەوازی هاوکارییان بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان ڕاگەیاند، حکومەتی بەڕیتانیا ٥ ملیۆن پاوەنی وەک هاوکاری مرۆیی دەبەخشێت.

ناوەندی هەواڵ

 

وڵاتانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکان بانگەوازی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووان دەکەن، بانگەوازێک لەلایەن لیژنەی فریاگوزاری کارەساتەکانی بەریتانیا (DEC) دەستپێدەکات بۆ یارمەتیدانی سەدان هەزار کەس کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە زیانیان بەرکەوتووە.

 

دەزگاکانی فریاگوزاری بەریتانیا لەنێویاندا خاچی سووری بەریتانیا، ئۆکسفام و ئەکشن ئاید  یەکدەگرن بۆ کۆکردنەوەی پارە، دوای ئەوەی بوومەلەرزەکان هەزاران کەسی بریندار کرد، یارمەتی دارایی بۆ هاوکاری پزیشکی و شوێنی حەوانەوە فریاگوزاری و خۆراک و ئاوی پاک کۆدەکرێتەوە.

 

 بانگەوازەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لە تەلەفزیۆنەکانەوە پەخشدەکرێت، لە کاتێکدا زیاتر لە ١٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارەیە بەرزبێتەوە.

 

لە ئەنجامی ئەو کارەساتەدا هەزاران باڵەخانە وێران بوون و هاوڵاتیان و تیمەکانی فریاگوزاری بە دوای ڕزگاربووانی ژێر داروپەردووەکاندا دەگەڕێن، ڕێکخراوی  DEC ئاماژەی بەوەداوە زۆر کەس ماڵەکانیان لەدەستداوە، ئەمەش لە دۆخێکی سەرما و  زستانەدا بێ پەناگە جێیهێشتوون و ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان شوێنە گشتییەکان بەکاردەهێنن بۆ مانەوە.

 

 لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، هەندێک کەس کە پێشتر لە دوای هەڵهاتنیان لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەو وڵاتە لە خێمەدا دەژیا، ئێستا میوانداری ئەو کەسانە دەکەن کە ماڵەکانیان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە وێران بووە.

 

ڕێکخراوە خێرخوازیەکان دەڵێن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک قورس دەبێت و نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاویش مەترسیدار دەبن.

 

حکومەتی بەریتانیا  ٥ ملیۆن پاوەند دەبەخشێت وەک هاوکاری مرۆیی بۆ زیانلێکەوتووان، هەروەها ئەو پارەیەی کۆدەکرێتەوە دەبێتە هۆی دابینکردنی بەتانی و جل و بەرگی گەرم و گەرمکەرەوە بۆ شوێنی سەلامەت.

 

هەروەها حکومەتی سکۆتلەندا بە ٥٠٠ هەزار پاوەند بەشداری هاوکارییەکان دەکات و لیژنەی فریاگوزاری کارەساتەکان DEC سکۆتلەندا ئەمڕۆ بە فەرمی بانگەوازێکی دەستپێکرد.