ژنانی عەفرین لە ئاوارەیشدا کولتووری خۆیان دەپارێزن

ژنان لە کانتۆنی عەفرین سەرەڕای ئەو سەختییەی لە دۆخی ئاوارەبووندا ڕووبەڕووی دەبنەوە، خواردنە باوەکان دەپارێزن.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا - ژنان ڕۆڵێکی کارا و بەرچاویان هەیە لە پاراستنی میرات و دابونەریت و کولتووردا، ژنانی عەفرینی سەرەڕای ئەوەی ئاوارەی کانتۆنی شەهبا بوون و لە دۆخی سەختدا دەژین، بەڵام میراتی دایک و داپیرەی خۆیان دەپارێزن و بە زیندووی دەیهێڵنەوە.

 

سجوق و ئەو خواردنانەی دیکەی لە ترێ دروست دەکرێن بە یەکێک لەو شیرینییە کۆنە بەناوبانگانە دادەنرێت کە کانتۆنی عەفرین بەهۆیەوە بەناوبانگە و خەڵکەکەی بە تایبەت ژنان تا ئێستاش دەیپارێزن.

 

سینەم حەبەش، خەڵکی گوندی بەعدینەی سەر بە قەزای ڕاجۆیە و ماوەی ٥ ساڵە، لە گوندی زیارەی سەر بە شێراوا دەژی، دەڵێت: ناوچەکانمان بە ترێ و دار زەیتون بەناوبانگن، کە زۆر کەرەستەی سروشتی لێ بەرهەمدەهێنرێت وەک سجوق و دۆشاو و کشمیشی ووشککراو و ...هتد، من لەلایەن دایک و داپیرەمەوە فێری شێوازی دروستکردنیان بووم کە ساڵانی زوو پێش هاتنی وەرزی زستان ئامادەیان دەکرد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو ئەم خۆراکانە سوودی تەندروستیان هەیە، بەتایبەتی کە بەتەواوی دوورن لە شەکری سپی و دەوڵەمەندن بە مادەی سروشتی. بەسوودن بۆ چارەسەرکردنی کەمخوێنی و بەهێزکردنی ئێسکەکان، هەروەها بۆ چارەسەرکردنی زەردوویی و ڕزگاربوون لە کۆکە سوودیان لێدەبینرێت.

 

سینەم حەبەش باسی لە بەردەوامیدان بە کولتووری داپیانیان کرد و وتی: لە ئاوارەیدا سەرەڕای دۆخی سەختمان بەردەوامین لە دروستکردنی خواردنە کولتوورییەکان، ئامانجمان پاراستنی دابونەریت و میراتی داپیرانمان و زیندوو هێشتنەوەیەتی، جگە لەوەش بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان سوودی لێدەبینین لەم کاتەدا کە دۆخی ئابوری سەختە.

 

وێداد ئیبیش، کچی سینەم حەبەش کە هاوکاری دایکی دەکات بۆ ئامادەکردنی ئەو خۆراکانە و شارەزایە لە دروستکردنیان، ئاماژەی بەوەکردووە، ئاوارەبوونیان بۆ گوندەکانی شێراوا ڕێگر نەبووە لەبەردەم پاراستنی دابونەریتی خۆیاندا و پابەندن بە کولتوورەکەیانەوە.