"ناتوانن تێکۆشانی ئێمە بە کۆمەڵکوژییەکان لاواز بکەن"
ماجیدە حەسون، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری فورات دەڵێت: ئەم کۆمەڵکوژییە پرۆژە و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە ئامانج دەگرێت، بەڵام ناتوانێت تێکۆشانمان لاواز بکات.
بەرچەم جودی
کۆبانێ- ڕۆژی ٢٣ی کانوونی یەکەم، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر ناوەندی کولتووری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، ئامینە کارا، ئەندامی تەڤگەری ژنانی کوردستان، هونەرمەند میر پەروەر (م.شیرین ئایدن) و وڵاتپارێزێکی کورد بەناوی عەبدوڵا کزل شەهید کران و چوار کەسیش بە سەختی برینداربوون، لەبارەی دووەمین کۆمەڵکوژی پاریسەوە، ماجیدە حەسون، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری فورات هەڵوێستی خۆی دەربڕی و وتی: "ناتوانن بەو کۆمەڵکوژییانە تێکۆشان لاواز بکەن".
"دەوڵەتی تورک لە هەموو شوێنێکی جیهان هێرش دەکاتە سەر کوردان"
لە سەرەتای قسەکانیدا ماجیدە حەسون کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٢٠١٣ی بەبیرهێنایەوە و وتی: ئەم کۆمەڵکوژییە بە فاشیزمی دەوڵەتی تورک و میت ئەنجامدرا، مرۆڤ ناتوانێت ئەم ڕووداوە داببڕێت لەو هێرشانەی کە ئێستا لە سەرتاسەری کوردستاندا ڕوودەدەن، ئەم هێرشە درێژەپێدانی گۆشەگیری و پیلانگێڕی و کۆمەڵکوژییە لە دژی کوردستان، هەروەها جێگای سەرنجە کە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ی پاریسدا ئەنجامدرا، ئەم کۆمەڵکوژییە بەهەمان شێوە و لە هەمان وڵات بەڕێوەچوو، ئەم کردەوەیە ڕاستی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردان دەردەخات و ئاشکرای دەکات کە کوردێک لە هەر پارچەیەکی جیهان، دەبێتە ئامانجی دەوڵەتی تورک، لەناو ئەو کوژراوانەدا پێشەنگ و تێکۆشەر ئامینە کارا بوو، شەهید ئامینە لە ناو تەڤگەری ئازادی ژنان بەتایبەتی بۆ ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان زۆر کاری کردووە و ڕۆڵی سەرەکی لە شۆڕشی ژنان و لە بەرخۆدانی دژی تیرۆری داعشدا گێڕاوە.
"دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات تێکۆشان و ئیرادەی ئێمە بە هێرش لاواز بکات"
ماجیدە حەسون، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی ئەم کۆمەڵکوژییەوە پەیامێکی بۆ بزووتنەوەی ژنان ناردووە و وتی: بێگومان ئێمە وەک بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان پەیامێکمان لە هێرشی دەوڵەتی تورکەوە پێگەیشت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە تێکۆشانی ژنان لەسەر بنەمای فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" گەیشتووەتە لوتکە، لە هەموو هێرشێکدا بۆ سەر ژنان بەو ئەنجامە دەگەین کە ترسی دەوڵەتی تورک ویست و تێکۆشانی ژنان گەورەتر دەکات، حکومەتی ئاکەپە دەیەوێت ژنان بترسێنێت و ئیرادەی ئێمە لاواز بکات و هەروەها ژنان لە ئایدۆلۆژیای ئازادی ببڕێت و سیستەمی دەوڵەتی پیاوایەتی خۆی بپارێزێت، هەڵوێستی ئێمە وەک ژنان کاریگەر نابین ئەم جۆرە هێرشانە، تێکۆشانمان بەم جۆرە کۆمەڵکوژیانە ناوەستێت، سەدەی ٢١ سەدەی تێکۆشانی ئازادییە و بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی پێشوازی لە سەدەی ٢٢ دەکەین و ئازادیمان مسۆگەر دەکەین، لەبەر ئەم تێکۆشانە تێکۆشانمان بە خێرایی بەرفراوانتر دەبێت و ئەنجام دەدات ئاماژە بۆ ئەوەش یەکگرتن و یەکڕیزی ژنانە کە ئێستا لە سەرتاسەری جیهاندا ڕووی داوە.
"دەوڵەتی تورک بە ئاسانی کۆمەڵکوژی لە فەرەنسا ئەنجام دەدات"
ماجیدە حەسون کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٢٠١٣ی پاریسی بەبیرهێنایەوە کە لە ئەنجامدا سێ تێکۆشەر بە ناوەکانی ساکینە جانسز و لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان کۆمەڵکوژ کران و وتی: "دەوڵەتی تورک بە ڕوونی دووپاتی کردەوە ئەوان ئەنجامیان داوە، هەڕەشەیان کرد کە کۆمەڵکوژی دیکە ئەنجام دەدەن، حکومەتی فەرەنسا بەرپرسیارە لەم دۆخەدا، چۆن سیستمێکی ئەمنی لە فەرەنسا هەیە کە دەوڵەتی تورکیا بەئاسانی دەتوانێت کۆمەڵکوژی ئەنجامبدات؟ پێویستە حکومەتی فەرەنسا بەباشی ئەم دۆخە شیبکاتەوە و دەستبەجێ هەڵوێستەکانی خۆی نیشان بدات و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر، دەبێت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە دەوڵەتی تورک لە دەرەوەی وڵات ئەنجامیان دەدات، بەڵام چەند ڕۆژێکە هیچ کاردانەوەیەکی کرداریمان نەبینیوە.
"پێویستە دەوڵەتی تورک دادگایی بکرێت"
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار ماجیدە حەسون داوای تێکۆشانی کرد و وتی: لە دژی ئەو کار و تاوانانە، داوا لە هەموو ژنانی ئازاد دەکەین کە تێکۆشانیان لەسەر فەلسەفەی ئازادی ژنان دابمەزرێنن، دەبێت ئێمە وەک ژنان پێگەیەکمان هەبێت و ئاستی تێکۆشانی خۆمان لە دژی ئەو هێرشانە بەرزبکەینەوە، ژنانی کورد بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان پێشەنگ و سەرچاوەی تێکۆشانی ژنان بوون دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، کە ئەمڕۆ لە زمانی ژنانەوەیە، لە خاکی کوردستانەوە دەستیپێکرد و لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبووەوە، بۆیە ئەرکی هەموو ژنانە کە ئەو دەستکەوتانەیان هەبێت، بە تایبەتی بانگەوازی ئێمە بۆ بزووتنەوەی ژنانی فەرەنسی و فێمینیستی ئەوەیە کە فشار بخەنە سەر حکومەتی فەرەنسا بۆ دادگاییکردنی دەوڵەتی تورک.