مونا یاقو: مانگرتنی زیندانیان بەردەوامە و دەبێت ئازادکردنی مەرجدار یەکلا بکرێتەوە

سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند تا ئێستا مانگرتنی زیندانی بادینان بەردوامە و پێویستە ئازادکردنی مەرجدار یەکلایی بکرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەربارەی دۆخی زیندانیانی بادینان سەردانی چاکسازی گەورانی هەولێری کردووە و ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا مانگرتنی زیندانیانی بادینان بەردەوامە، لە ماوەی ڕابردووشدا زیندانیانی بادینان بە مونا یاقویان وتووە کە هەفتەیەکی دیکە تەرمەکانمان لە زیندان دەبەنە دەرەوە.

 

سەردانەکەی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ بەدواداچوونی دۆخی مانگرتووان و پرسی ئازادکردنی مەرجدار بووە، مونا یاقو دەڵێت: مانگرتن تا ئێستا بەردەوامە لای هەندێ لەوانەی کە داوای ئازادکردنی مەرجدار دەکەن، هەروەها بۆ بەدواداچونی كێشەکانی ئازادی مەرجدار و داوای بەپەلە یەکلایکردنەوەی دەكەین بە پێی ڕێکارە یاساییەکان.

 

مونا یاقو جەختی لەوەشکردەوە کە ئیحسان عبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی بەندیخانەکانی هەرێمی کوردستانیان لە گەڵدا بووە و پێداگری کردووە لە سەر داواکاریەکانی دەستەکەیان.