'کۆمەڵگە ژنی وەک بوونەوەرێکی لاواز دەرخستووە'

کۆنگرە ستار لە کانتۆنی عەفرین-شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەهۆی هاتنی ڕۆژی ژنان کۆڕێکی هۆشیاریان ڕێکخست

شەهبا-

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، کۆنگرە ستار لە عەفرین بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمۆنەکان و ئەنجومەنەکان زنجیرەیەک وتار و کۆبوونەوەی بۆ ناساندی ئەو ڕۆژە ئەنجامدا.

 

ئەمڕۆ یەکەم وتاری لە ناوچەی ئەحدەس لە کانتۆنی شەهبا لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە بەشداری ژنان و پیاوانی کانتۆنرکانی عەفرین و شەهبا ئەنجامدا،  لەو چوارچێوەیەدا، ئەندامی کۆنگرە ستار، حەمیدە محمد ڕایگەیاند: ڕۆژێک لە ساڵدا بەس نییە بۆ ژنان و ئەو دەستکەوتانەی بە درێژایی ساڵەکە هەیانە، ئاماژەی بەوەشدا بە درێژایی مێژوو ژنان بەرەوڕووی دەسەڵات و ئەقڵیەتی پیاوسالاری وەستاونەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگا هەمیشە ژن و بوونیان پەراوێز دەخەن و ئەمەش وایکردووە ڕۆڵ و بۆچوونیان لە کۆمەڵگەدا لاواز بێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە ژن بوونەوەرێکی لاواز نییە، بەڵکو بەهێز و ئیرادەن، بەڵام کۆمەڵگا لەناو خۆیاندا بەردەوام ترسیان لە ژنان هەیە چونکە دەزانن ژنان کە ڕادەپەڕن دژی دابونەریت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە پێنج هەزار ساڵە ژنان بەرەوڕووی توندترین جۆرەکانی نادادپەروەری دەبنەوە، وەک توندوتیژی و دەستدرێژی و بازرگانیکردن بە هزر و جەستەیانەوە، تا ئەو کاتەی فیکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان دەرکەوت، لەوکاتەوە ڕاستەقینەی ژن و ڕۆڵ و گرنگییەکەی لە ژیان و هەموو بوارەکاندا دەرکەوت.

 

جەختیشی کردەوە کە ژنان لە داواکردنی مافە ڕەواکانی خۆیان تا نەگەن بە ئازادی خۆیان بەردەوام دەبن، هەروەها بەردەوام دەبن لە خەبات و ڕێکخستنی بۆنە و چالاکییەکان، جگە لە پەروەردە و ڕاهێنانی پیاوان لەگەڵ ژنان بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکگرتووی دیموکراسی.