هەفتەی فیلمی ژنان لە هەشت وڵاتی عەرەبی دەستپێدەکات

بە بەشداری ٢٩ سینەمای کۆمەڵایەتی، تۆڕی شوێنی فیلمەکانمان هەفتەی فیلمی ژنانی لە هەشت وڵاتی عەرەبیدا دەستپێکردووە، بە ئامانجی تیشک خستنە سەر ئەزموون و پرس و مافە جیاوازەکانی ژنان لە ڕێگەی چیرۆکگێڕانەوەی سینەمایی.

فاتمە ڕەشاد

 

عەدەن- دامەزراوە و پلاتفۆرمە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری جیهانی عەرەبیدا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی هەفتەی ژنان بە زنجیرەیەک بۆنە کە تیشک دەخاتە سەر پرسەکانی ژنان و ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا، ئەم هەفتەیە وەک شوێنی نمایشکردنی ئەزموونی جیاوازی ژنان و بەرەوپێشبردنی ئامادەیی ژنان لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و هونەر و ژیانی گشتیدا کاردەکات.

 

تۆڕی شوێنی فیلمەکانمان لە ٦ تا ١٢ی ئادار هەفتەی فیلمی ژنان دەستپێدەکات، ئەم چالاکییە هاوبەشە سینەماییە عەرەبییە لەلایەن شوێنی سینەمای کۆمەڵایەتی لە هەشت وڵاتی عەرەبی کە بریتین لە عێراق، یەمەن، تونس، سووریا، فەڵەستین، لوبنان، لیبیا و میسر بەڕێوەدەچێت.

 

لە چالاکییەکەدا ٤٣ فیلمی بێبەرامبەر لە ٢٩ شوێن نمایش دەکرێت، شەش فیلمی عەرەبی نمایش دەکرێن کە تیایدا باس لە ئەزموونە جیاوازەکانی ژنان دەکەن، ئەم فیلمانە بەدواداچوون بۆ تەوەری هەڵبژاردن، یادەوەری، جەستە و گەڕان بەدوای خوددا لە بەرامبەر سیستەمە کۆمەڵایەتییە ستەمکارەکاندا دەکەن، هەفتەی فیلمی ژنان ئامانجی ڕۆشنکردنەوەیە لەسەر پرس و مافەکانی ژنان، هەروەها تیشک خستنە سەر ئامادەبوونیان.

 

لە فیلمی "أن تصبح إيفيجينيا" "بوون بە ئیفیجینیا"ی ڕیم غەزیدا، بەدوای کۆمەڵێک ژنی گەنجی سووریادا دەگەڕێین کە بەشداری لە کارێکی شانۆیی بەڵگەنامەییدا دەکەن، کاتێک هەوڵدەدەن میراسی سیستەمی پیاوسالاری لە پەروەردەکردنیاندا سنووردار بکەن، لە هەمان کاتدا ژیانیان لە دەربەدەریدا بونیاد بنێنەوە و ڕێگاکەیان بەرەو خۆدۆزینەوە دروست بکەن، فیلمی "الست" "خانم"ی سوزانە مەرغنی، پرسی هەڵبژاردن دەخاتە ناو دڵی گێڕانەوەکە لە ڕێگەی کارەکتەری نەفیسا، منداڵێکی کچی ١٥ ساڵی سودانی کە هاوسەرگیرییەکەی بە پێچەوانەی ویستی خۆیەوە ڕێکدەخرێت، لە بەرهەمێکدا کە بەدواداچوون بۆ واتای ئازادی هەڵبژاردن و تەمەن و بڕیاردان لە کۆمەڵگەیەکی کۆنەپەرستدا دەکات.

 

فیلمی "دفاتر مايا" "دەفتەرەکانی مایا" لە دەرهێنانی جوانا حاجی تۆماس و خەلیل جریج، ژیانی سێ ژن دەبەستێتەوە بە ئەرشیفێکی کەسییەوە کە سەرهەڵدەداتەوە، کە دەفتەر و وێنە و تۆمارە دەنگییەکان دەبنە دەروازەیەک بۆ بونیادنانەوەی یادەوەری و وەرگرتنەوەی ئەوەی لەدەستچووە یان نەوتراوە، هەروەها لە بەرنامەکەدا فیلمی "إحكيلهم عنّا"  "باسی ئێمەیان بۆ بکە" لە دەرهێنانی ڕەند بەیروتی، کە بەدوای کچە هەرزەکارەکاندا دەگەڕێت کە بە ڕەچەڵەک عەرەب و کورد و ڕۆمن لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتن، کاتێک لەگەڵ پرسیارەکانی هاوڕێیەتی و ناسنامەدا دەجەنگن، خەون و خەباتەکانیان لەبەردەم کامێرادا دەهێنێتە ژیانەوە.

 

بەرنامەکە فیلمی "حواديت إيكنجي" "چیرۆکەکانی ئیکینجی"ی مەروە شەرقاوی، دەرهێنەر لەخۆدەگرێت، کە تیایدا دوو ژنی بوێر چیرۆکی خۆشەویستی و ژیانیان لە بەرامبەر دەسەڵاتی پیاوسالاریدا لەناو کۆمەڵگەیەکی داخراوی بەدەویدا دەگێڕنەوە کە سنووردارکردنیان بەسەر هەڵبژاردنی هاوسەرگیری و شێوازی ژیاندا سەپاندووە، هەروەها "عاش يا كابتن" "بژی کاپتن"ی مای زاید دەرهێنەر نمایش دەکرێت، کە بەدواداچوون بۆ هەڵگرێکی قورسای  هەرزەکاری میسری دەکات لە ژێر ڕێنمایی ڕاهێنەرێکی ماندوو نەناس ڕاهێنانی توند ئەنجام دەدات، هەوڵدەدات لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییەکە ڕکابەری بکات.

 

ئەم بەرنامەسازییە بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای ماد سۆڵوشنز، سینەمای وويند، ئێم سی دیستریبشن، و بەشداربووانی پەرتوکخانەی فیلمی شوێنی فیلمەکانمان ٢٠٢٦، هەروەها هەموو شوێنی سینەما بەشداربووەکانی ناو پڕۆژەکە پەرەی پێدراوە.

 

ڕووداوەکانی ئەم هەفتەیە بەشێکن لە دەستپێشخەرییەک بۆ پشتیوانیکردن لە بڵاوکردنەوەی کولتووری فیلم و بەرزکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە سینەمای سەربەخۆی عەرەبی بۆ بینەری جیاوازی عەرەب، بەتایبەتی ئەوانەی ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە چالاکییە سینەماییەکان، ئەمەش لە ڕێگەی پەرەپێدانی تۆڕێک لە شوینی سکرینکردنی کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری هەرێمی عەرەبیدا بەدەست دێت، هەروەها بە پشتگیریکردنی ئەم شوێنانە لە ڕێگەی بەرنامەکانی خول و دابینکردنی دەستڕاگەیشتن بە پەرتوکخانەیەکی بێبەرامبەری فیلمە عەرەبییەکان.

 

ئەم بۆنەیە دەرفەتێک بۆ خەڵک دەڕەخسێنێت بۆ دۆزینەوەی بەرهەمە سینەماییە عەرەبییەکان کە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنی ئەزموونی ژنانن و لە ڕوانگەی هونەری و مرۆیی جیاوازەوە باس لە پرسە هاوچەرخەکان دەکەن.