سەنتەری میترۆ: کاری ڕۆژنامەنووسانی ژن لە هەرێم لە مەترسیدایە

لە مەراسیمێکدا سەنتەری میترۆ ڕاپۆرتی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنووسانی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ی ڕاگەیاند و تیایدا هاتووە، کە کاری ڕۆژنامەنووسانی ژن لە هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە.

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی ، لە مەراسیمێکدا سەنتەری میترۆ، بە هاوکاری ڕێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی ڕاپۆرتی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنووسانی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ی خستەڕوو.

 

مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ڕۆژنامەنووسان، نوێنەر و ئەندامی دەزگا ڕاگەیاندنەکان، چالاکوانان و بەشێک لە چالاکوانی سیاسی بەڕێوەچوو، سەرەتای مەراسیمەکەش بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و قوربانیانی هێرشەکەی شاری هەولێر دەستی پێکرد.

 

پەریان ئەحمەد، ئەندامی سەنتەری میترۆ ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٣ی خستەڕوو، بەپێی ئامارەکە، ١٣٤ جار ڕێگری و جیاکاری، ٣٨ جار زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسان، ٣٧ جار دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا، ٢٧ جار هێرشکردن هەڕەشە و سوکایەتی، ٥ جار دەستگیرکردن بەدەر لە یاسای ڕۆژنامەنووس، ٤ جار هێرشی ئەلکترۆنی، ٢ جار شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسی، ٢ جار هەڵکوتانەسەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان، بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دراوە.

 

لە درێژەی مەراسیمەکەدا پانێڵێک پێشکەش کرا و هەریەک لە دیاری محەمەد، هەژان خالید و سامان فەوزی، بابەتیان پێشکەشکرد.

 

"ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبار نییە"

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەدا، کە بە پێی ڕاپۆرتەکە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی مەترسیدارە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی و ڕۆژنامەنووسان، وتیشی: ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە ڕۆژی جیهانی ڕۆژنامەنووساندا ئامارێکیان بڵاوکردەوە، تیایدا عێراق لە کۆی ١٨٠ وڵات لە ڕیزبەندی پێنجەمدایە بۆ نالەباری ژینگەی ڕۆژنامەنووسی و بە ژینگەیەکی مەترسیدار ناوی دەبات، هەروەها ڕێخراوی سی پی جەی، کە ڕێخراوێکی ئەمریکیە بەهەمان شێوە عێراقیان بەژینگەیەکی مەترسیدار بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی باسکردووە، باسی لەوەشکردووە لەناو زیندانەکانی عێراقدا ڕۆژنامەنووسی تێدا زیندانیکراوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە ئەندامانی سەنتەری میترۆ لە سەرەتای دادگایکردنی شیروان شێروانی و هاوڕێکانی دادگایەکی دادپەروەرانەی نەبینیوە، پێیان وابووە دادگایەکە دەستوەردانی سیاسی هەبووە، لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە تەواوی سزاکانی ڕۆژنامەنووسان لە دادگاکانی هەرێمی کوردستانیش کراوە.

 

"ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کاتی کاردا هەراسان دەکرێن"

هەژان خالید، مامۆستای پەیمانگا و توێژەری سەنتەری میترۆ، تیشکی خستەسەر بابەتی ژنانی ڕۆژنامەنووس و وتی: بە داخەوە ئامارێکی ڕاست لەبەردەستاندا نییە کە پێمان بڵێن چەند ڕۆژنامەنووسی ژن لە میدیاکاندا کاردەکەن، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لە هەرێمی کوردستان ژنان لە کاری رۆژنامەنووسیدا لە دۆخێکی مەترسیداردان، هەروەها لە دامەزراوەکاندا هەراسانکردنی ژنان لە کاتی کارکردنیاندا تۆمار کراوە.

 

هەژان خالید ئاماری ئاستی بەشداریکردنی ژنان لە میدیادا خستەڕوو و وتی: ژنانی ڕۆژنامەنووس لەلایەن کەسانی سیاسەت و هاوکارەکانیانەوە ڕووبەڕووی هەراسانکردن بوونەتەوە، هەروەها لە ٩٢ کەس کە پۆستی بەڕێوەبەری هەیە، تەنها دوو ژن پۆستی بەڕێوەبەریان هەیە ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ جیاوازی جێندەری، لە وردبینیەکی دیکەدا هاتووە لە ٪١٠ ژنان بەشداری لە مۆنتێری، دیزاینەر، تەکنیکار و وێنەگرندا دەکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانی لە پانێڵەکەدا هەژان خالید وتی: زۆر بەداخەوە ئەو کەیسانەی لەبارەی ژنانەوە ڕوماڵ دەکرێت، بە چاویکی پیاوانە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، بە چاوێکی پیاوانە وێنە دەگیرێت و مۆنتاژ دەکرێت.