هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق دەستیپێکرد و کێبڕکێ لەسەر ٣٢٩ کورسی پەرلەمان دەکرێت

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دەستیپێکرد و تا ٦:٠٠ی ئێوارە بەردەوامە، ٢٣ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار و ٧٤١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە تا ٣٢٩ نوێنەر بنێرنە پەرلەمانی عێراق

ناوەندی هەواڵ

 

بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٧:٠٠ لە سەرانسەری عێراق دەنگدانی گشتی دەستیپێکرد، هەتا کاتژمێر ٦:٠٠ی  ئێوارە کۆتایی دێت.

 

بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراقدا  ٢٣ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار و ٧٤١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، تەنها لە ھەرێمی کوردستانیش ٣ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٩٤١ ھەزار و ٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.

 

بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن هەشت هەزار و ٢٧٣ ناوەندی دەنگدان كراونەتەوە، سێ هەزار و ٢٤٩ كاندید كە ٩٥١ ژن و دوو هەزار و ٢٩٨ پیاون، كێبڕكێ دەكەن لەسەر ٣٢٩ كورسی پەرلەمان.

 

بەپێی پارێزگاکان:

لە ھەولێر یەک ملیۆن و ٢٣٨ ھەزار و ٣٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، ٥٧٧ ھەزار و ٥٩٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.

 

لە سلێمانی یەک ملیۆن و ٤٢٥ ھەزار و ٧٠٥ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، ٨٤٢ ھەزار و ٩٨٠ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.

 

لە پارێزگای دھۆکیش ٨٢٢ ھەزار و ٧٠٣ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، ٥٢٠ ھەزار و ٧٢٩ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.

 

 

لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ کاندید بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.

سلێمانی

هەڵەبجە

ت.پ