ئەنتاکیا، شاری تەرمە ونبووەکان

کەوکەپ ئاکیۆڤا باس لەوە دەکات کە دوای ئەوەی ئامۆزاکەیان بولەنت گوموش بە برینداری لەژێر داروپەردووەکە دەرکرا، هیچ زانیارییەکیان لەبارەیەوە نەزانی و دەڵێت: جەستەی مرۆڤ نییە، ئەو کەسانەی بە مردوویی دێنە دەرەوە دەخرێنە ناو کیسە و دەنێژرێن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

هاتای- دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات لە هاتای چەند ڕۆژێک هیچ تیمێکی فریاگوزاری نەچووە ناوچەکە، ئێستا کار بۆ لابردنی وێرانەکانی باڵەخانەکان دەکرێت، بەشێک لە وێرانەکان هێشتا تەرم لە ژێریدا هەیە بەڵام ڕزگار ناکرێن و ئامێرەکان بەکاردەهێنرێن لەسەریان، لە هەموو شارەکەدا وێنەی "ونبوو" هەیە، ئەو هاوڵاتیانەی تەرمەکانیان ون بووە، دەڵێن: "تەرمی خەڵک نە بە زیندوویی و نە بە مردووی دەرناهێنرێتەوە"، بۆنێکی زۆر قورس لە شارەکەدا بڵاوبووەتەوە و ناوەندی شار خەریکە چۆڵ بێت.

 

"هیچ زانیارییەک لەسەر ئامۆزاکەم نییە کە بریندار بووە"

کەوکەپ ئاکیۆڤا یەکێکە لەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکە ڕزگاری بووە و ماڵەکەی وێران بووە، باس لەوە دەکات کە لە بوومەلەرزەکەدا سەدان کەس لە خزمەکانی لەدەستداوە، بولەند گوموشی ئامۆزای، کە لەگەڵ هاوژین و کوڕەکەیدا لە ژێر داروپەردوودا دەرهێنران و بریندار بوو، دواتر گەیەندرایە نەخۆشخانە و ماوەی چەند هەفتەیەکە هیچ هەواڵێکی نەزانراوە، نازانین لە ژیاندایە یان مردووە، پرسیار لە هەموو نەخۆشخانە و وێستگەکان دەکەین، بەڵام هیچ زانیارییەک نییە.

 

"ئەو کەسانەی بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ داوای هاوکارییان کردبوو گیانیان لەدەستدا"

کەوکەپ ئاکیۆڤا ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان زۆر درەنگ دەستیان پێکردووە و تەنها تیمە ئامادەبووەکان لە مەیدانەکەدا بوون، ئەو کەسانەی بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ داوای هاوکارییان کرد گیانیان لەدەستدا، وتیشی: تیمەکان زۆر دواکەوتن بۆ ئەم شوێنە، زۆر کەس لە ژیاندا بوون، دەمانتوانی بیانبیستین، بەڵام بەهۆی دواکەوتنەکەوە گیانیان لەدەستدا، لێرە ١١ کەس لە خێزانێک گیانیان لەدەستدا. چونکە کەس نەهات بۆ یارمەتییان، هەندێکیان بە هاوارەوە گیانیان لەدەستدا، ئەوانەشی ڕزگارکران، لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا.

 

"تەرمەکان دەخەنە ناو کیسە و دەیاننێژن"

لە کۆتایی قسەکانیدا کەوکەپ ئاکیۆڤا ڕایگەیاند کە تەرمی مردووەکان بەهۆی شۆفلەکانەوە پارچە پارچە کراون و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکان تەرمەکانیان خستووەتە ناو کیسە و بە خاکیان سپاردوون، وتیشی: لە ڕۆژی یەکەمدا ئەو تەرمانەی کە دەرهێنران لەلایەن بنەماڵەکانەوە بەخاک سپێردران. ئەو تەرمانەی کە دواجار دەرهێنران یان ئەندامەکانیان پارچە پارچە بوون بە سەتڵ نێژران. لە ڕۆژانی کۆتاییدا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و ڕزگارکردن نەبووە، لە ڕۆژانی سەرەتاشدا هەمان شت بوو. لە ڕۆژانی کۆتاییدا یەکسەر تەرمی مردووەکان دەخرانە ناو کیسە و لە زەویدا بڵاودەکرانەوە، ڕێگەیان پێنەدرابوو خێزان و کەسانی دیکە ببینن.