هەڵەبجە، سەنتەر و شەڵتەر بۆ داڵدەدانی ژنان نییە کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت

باس لەوەدەکرێت کە لە هەڵەبجەدا توندوتیژی نییە، بەڵام چالاکوانێک دەڵێت بەهۆی نەبوونی ناوەندێک ژنان سکاڵای تێدا بکەن ئاماری توندوتیژییەکان تۆمار ناکرێت و هیچ داتایەک لەبەردەستدا نییە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- هێرۆ وەکیل، بەرپرسی بەشی ژنان لە ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان، لە هەڵەبجە باس لەوەدەکات کە ڕێکخراوەکەیان ماوەی دوانزە ساڵە کار دەکەن لەسەر ژنان و مافەکانی ژنان، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا کاریان کردووە دەرکەوتووە کە توندوتیژییەکان لە ئاستێکدان دەبێت حکومەت بێتە سەرخەت.

 

بە وتەی هێرۆ وەکیل، کێشەیەکی گەورە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە نەبوونی سەنتەر و شەڵتەرە تا ژنان سکاڵای تێدا بکەن لە کاتی توندوتیژی و بتوانن لەوێ بمێننەوە، "هەڵەبجە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پابەندی  دابونەریتەکانی کۆمەڵگەیە، بەهۆی نەبوونی ناوەندێک لە هەڵەبجە کاتێک ژنێک ڕوو لە ڕێکخراوەکان دەکات بۆ سکاڵا کردن، دەنێردرێتە سلێمانی و ئەمەش کێشەکەی بۆ گەورەتر دەکات و خەڵکی کۆمەڵگە پێی دەزانێت".

 

هۆکاری نەبوونی توندوتیژی، نەبوونی ناوەندی تۆمارکردنە

بەرپرسی بەشی ژنان لە ڕێکخراوی نوێ باس لەوەش دەکات کە هەموو ساڵێک جگە لە ۲٥ی تشرینی دووەم و ٨ی ئادار/مارسدا داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە کە سەنتەرێک هەبێت ساڵانە ئامار کۆبکاتەوە، "وەک ڕێکخراوەکەیان ڕەتی دەکەینەوە هەڵەبجە خاڵی بێت لە توندوتیژی، ئێمە بە شێوەی گروپ کاردەکەین و دەگەڕێین و توندوتیژییان دەبینین، گوێبیست دەبین کە ژن هەیە ماوەی ١٥ ساڵە هاوسەرگیری کردووە خۆری نەبینیوە".

 

دەشڵێت: " ژن هەیە دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر کراوە بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوەندێک و شوێنێک نەبووە هاوکاری بکەن، توشی حاڵەتی دەروونی قورس بووە لە ماڵەوە کە لەوانەیە چارەسەرکردنی زۆر مەحاڵ بێت".

 

شێوازی توندوتیژییەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت

هێرۆ باس لەوەدەکات گۆڕانکاری بەسەر شێوازی توندوتیژییەکاندا هاتووە، زۆرینەی کچان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت کە ڕێژەکەی زۆرە و حکومەت چارەسەری بۆ نەدۆزیوەتەوە، " ئێمە لە ڕێکخراوەکان هاوکاری ژنانمان کردووە، ئەگەر ژنێکیش پێویستی بە پارێزەر بێت بە ڕێگەی پەیوەندی لەنێوان ڕێکخراوەکان بۆمان ئامادەکردووە، کاری ڕێکخراوەکان ئەوەیە کێشەکان بخەنەڕوو، بەڵام لەبەرئەوەی فەندیان نییە ناتوانن بگەنە چارەسەری تەواوەتی، بۆیە دەبێت دوای دەستنیشانکردنی کێشە، حکومەت چارەسەری بکات".

 

ت.پ