هەڵەبجە، فەرمانبەرانی گرێبەست گردبوونەوە و بایکۆتی دەوامیان کرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە فەرمانبەرانی گریبەست گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان کرد.

هەڵەبجە

 

دوابەدوای ئەوەی مامۆستایانی وانەبێژ لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان بۆ دامەزراندنیان کرد، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی گرێبەست لەبەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.

 

فەرمانبەرانی گرێبەست داوا دەکەن لە پێناو خزمەتی چەند ساڵەیان دابمەزرێن و بە مافی خۆیانی دەزانن، فاتمە جەلال، ماوەی سیانزە ساڵە فەرمانبەری گرێبەستە لەسەر وەزارەتی خوێندنی باڵا و داوای مافی خۆی دەکات، دەشڵێت: دەمانەوێت دابمەزرێین، چونکە ئەو بڕە موچەیەی ئێستا هەمانە بەشی بژێوی ژیانمان ناکات".

 

ئاڵا محمود، فەرمانبەرێکی دیکەیە و ماوەی شەش ساڵە گرێبەستە، دەڵێت: دەمانەوێت دەنگی خۆمان بگەیەنینە سەروو خۆمان تاوەکو دابمەزرێین و بکرێینە هەمیشەیی.

 

نەبوونی ماف و ئیمتیازاتەکان هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانە و بەشێکی زۆری ژنانیش بەشداری گردبوونەوەکان دەکەن و ئاماژە بەوەدەدەن کەلە کاردا وەک فەرمانبەری هەمیشەیی کاریان پێدەکەن و لە مافدا بێبەشیان دەکەن.

 

ئاژین سعید، فەرمانبەری گرێبەست، باس لەوەدەکات بکرێنە هەمیشەیی و مافیان پێبدەن و مۆڵەتی گشتی و دایکایەتی وەربگرن، دەشڵێت: سەرۆکایەتییەکان لەگەڵمان نین و هەڕەشەمان لێدەکەن و چاومان لێ سور دەکەنەوە تا داوای مافی خۆمان نەکەین.

 

ماوەی زیاتر لە پانزە ساڵە فەرمانبەران بەگرێبەست دادەمەزرێن و تاوەکو ئیستا نەکراونەتە هەمیشەیی.

 

ت.پ