هەڵەبجە، بۆ دۆخی ناهەمواری باشوری کوردستان چالاکی ئەنجام درا
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە باخی گشتی لە شاری هەڵەبجە تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە و ژمارەیەک لە چالاکوانان گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست سەبارەت بەو دۆخە ناهەموارەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.
هەڵەبجە
دەربارەی دۆخی باشوری کوردستان و زیادبوونی ڕێژەی کوشتنەکان، بەیاننامەیەک خوێندرایەوە، تێیدا هاتبوو: لەسۆنگەی بەرپرسیارێتیمان بۆ خاکی کوردستان و بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی دروست بووە لە زیادبوونی ڕێژەی کوشتن، هەروەها بەهۆی بارودۆخی سەختی کۆمەڵایەتی و ئاستی کۆمەڵایەتی و ئەو دیاردە نامۆیانەی کە لەم ڕۆژانەدا ڕووبەڕووی هاوڵاتیانی هەرێم بووەتەوە، داوا لە هەموو لایەک دەکەین بەدەم کۆمەڵگا بچن.
هەر لە بەیاننامەکەدا داوا لە کەسانی بەرپرسیار کرا کە دەستبەکاربن لە چارەسەرکردنی دۆخی ئێستادا، ئاماژە بەوەش درابوو: هەموو دەزگاکان بە بەرپرسیار ئەزانین لەم دۆخەدا بۆ ئەوەی کۆمەڵێک هەنگاو بگیرێتەبەر وەک بۆ وەستاندنەوەی کوشتنەکان، ڕێگە بگیرێت لە سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت و بەرنامەی بێ سانسۆری ئینتەرنێت و دراما دۆبلاژکراوەکان کە لەگەڵ کلتوری ئێمەدا ناگونجێت.
لە کۆتاییدا داواکرا: ئێمە وەک سەرجەم تیم و ڕێکخراوەکان هەڵوێست وەردەگرین و فشار دروست دەکەین، پێکەوە پێویستە ڕووبەڕووی دۆخی نا هەمواری ئێستا ببینەوە کە ڕۆژانە بە بەرچاومانەوە ڕوودەدەن، پێویستە دامەزراوەکان ڕووبەڕوو ببنەوە، یاری بە چارەنوسی ئەم کۆمەڵگایە نەکەن.
ڕێکخەرانی گردبوونەوەکە لە کۆتای گردبوونەوەکەدا پلانی ڕۆژانی داهاتوویان خستە ڕوو کە سەردانی مامۆستایانی ئاینی و چەندین دکتۆری دەروونی دەکەن تا هەوڵی هۆشیار کردنەوەی هاوڵاتیان بدەن، داواشیان لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان کرد کە بێنە سەر خەت و فشار دروستبکەن بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵێک کەناڵی نابەرپرس و بڵاوکردنەوەی هەواڵ بۆ تێکدانی دەروونی خەڵک.
تاڤکە عەلی، ڕێنماییکاری پەروەردەیی وتی: ئەم جۆرە گردبوونەوانە زۆر پێویستە بۆ ئەوەی هەریەک لای خۆمانەوە ڕووبەڕوو ڕێگری بکەین لە پەلهاوێشتن بۆ حاڵەتی خراپتر، باسیشی لەوەکرد پێویستە هەریەک لای خۆیەوە وشیار بکرێنەوە و ببنە کارتی فشار بۆ ڕێگری کردنی توندوتیژییەکان، کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان هەبوون و لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو بوونەوە بەبێ ڕەچاوکردنی دەروونی هاوڵاتی.تاڤکە عەلی، ڕێنماییکاری پەروەردەیی وتی: ئەم جۆرە گردبوونەوانە زۆر پێویستە بۆ ئەوەی هەریەک لای خۆمانەوە ڕووبەڕوو ڕێگری بکەین لە پەلهاوێشتن بۆ حاڵەتی خراپتر، باسیشی لەوەکرد پێویستە هەریەک لای خۆیەوە وشیار بکرێنەوە و ببنە کارتی فشار بۆ ڕێگری کردنی توندوتیژییەکان، کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان هەبوون و لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو بوونەوە بەبێ ڕەچاوکردنی دەروونی هاوڵاتی.
تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە و چالاکوانان بەیاننامەکەیان ئاڕاستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و کەسایەتی ئاینی و ڕۆشنبیرییەکان کرد.
ت.پ