زیمبابۆی ڕووبەڕووی چەندین قەیران دەبێتەوە کە بەهۆی دیاردەی ئێل نینۆوە دروست بووە

زیمبابۆی ڕووبەڕووی یەکێک لە خراپترین وشکەساڵی ٤٠ ساڵ بووەتەوە، کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک کۆلێرا و سکچوون لە ناو منداڵاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

دیاردەی ئێل نینۆ کاریگەری لەسەر زۆرێک لە وڵاتانی جیهان هەبووە و بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە و دواکەوتنی باران بارین، ناوچەکانی ئەفریقا لە ڕیزی ئەو وڵاتانە بوون کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو دیاردەیە، لەناویاندا زیمبابۆی کە شایەتحاڵی یەکێک لە توندترین شەپۆلەکانی وشکەساڵی بووە.

 

وشکەساڵی ناوچەکانی باشووری ئەفریقا، لەوانەش زیمبابۆی، کاریگەری لەسەر بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری هەبوو، ئەمەش بووە هۆی کەمیی خۆراک و زیانگەیاندن بە ئابووری وڵاتانی ناوچەکە.

 

دوێنێ ٢٣ی کانوونی یەکەم، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، زیمبابۆی ڕووبەڕووی یەکێک لە خراپترین وشکەساڵییەکان بووەتەوە لە ماوەی ٤٠ ساڵدا، کە کاریگەری لەسەر نزیکەی ٥٠%ی دانیشتوانی جیهان دروستکردووە، واتە نزیکەی ٧.٦ ملیۆن کەس، لەناویاندا ٣.٥ ملیۆن منداڵ هەن.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێژەی سکچوون  لەناو منداڵاندا لە ٤.١% لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ٤.٩ لەمساڵدا زیادیکردووە.

 

ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەم، زیمبابۆی دۆزینەوەی ٦ حاڵەتی کۆلێرای لە ناوچەی کەریبا ڕاگەیاند، پێش ئەوەی تا ٣٠ی هەمان مانگ  ١١٩ حاڵەت تۆمار بکرێت.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زیمبابۆی ڕووبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە، وەک وشکەساڵی بەهۆی دیاردەی ئەل نینۆ و بڵاوبوونەوەی کۆلێرا و ئیفلیجی منداڵان و هەروەها مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆکە، داوای دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ هاوکاری مرۆیی بۆ دوو ملیۆن کەس کردووە ، لەنێویاندا زیاتر لە ٩٧٨هەزار منداڵ لە زۆرترین ناوچە زیانلێکەوتووەکاندان.