ژنانی عەرەبی شەنگال: ئازادی بەدەستدەهێنین

ژنانی عەرەبی شەنگال بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕایانگەیاند، بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" تێکۆشان بڵند دەکەن و خۆیان دەگەیەننە ئازادی.

شەنگال

 

بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر/تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ژنانی شەنگال چالاکیی جۆراوجۆریان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و بەئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگە و هۆشیارکردنەوە بەڕێوەبرد، دوێنێ ژنانی عەرەبی گوندی مەدیبان و حەسەویکی سەر بە شەنگال بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە ڕێپێوانێکیان ڕێکخست بەڵام بەهۆی ڕێگریی سوپای عێراقەوە ڕێپێوانەکەیان دواخست.

 

بەیاننامەکە لەلایەن زەهرا عیسا خوێندرایەوە، تیایدا هاتووە، ئێمەش وەک ژنانی شەنگال لەم دڕندەییە ڕزگارمان نەبووە، گەورەترین توندوتیژیمان بینی لەسەر دەستی مەترسیدارترین و دڕندەترین هێزی داعش، بەتایبەت ژنانی ئێزدی. بەڵام نەک هەر بەدەست داعشەوە ئازارمان چەشت، بەڵکو بەدەست پیاوانی خاوەن عەقڵیەتی حوکمڕانیش ئازارمان چەشتووە.

 

"بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' هەبوونمان مسۆگەر دەکەین"

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەختکرایەوە وەک ژنانی عەرەب هەمیشە تێکۆشان بۆ ئازادی دەکەین، "هەرچەندە لە سەدەی بیست و یەکداین، بەڵام بەداخەوە دیموکراسی تەنها دروشمێکە کە دەوڵەتە زلهێزەکان دەیڵێنەوە، بەڵام بە پێشەنگایەتی ژینا ئەمینی و ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، ئەم ڕووە شاراوەی دەوڵەتان هاتە بەرچاو. ئێمە وەک ژنی عەرەب بەم دروشمە کە ڕێبەر ئاپۆ بە ژنانی دا، درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین و دەڵێین ژیان بەبێ ژن بوونی نییە، بۆیە دەبێت مافی ژنان لە هەموو ڕوویەکەوە بدرێت. هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان و کۆتایی بە عەقڵیەتی دەسەڵاتدار بهێنین".

 

کۆمەڵگە بە هێزی ژنان دەگۆڕێت

قیادە هیلال، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی عەرەب وتی: ئیتر کۆیلایەتی قبوڵ ناکەین، کۆمەڵگەی ئێمە زۆر داخراوە بەرامبەر بە ژنان، هەموو شتێک بە عەیب دادەنرێت بۆ ئێمە، بەڵام ئێمە ئیتر ئەمە قبوڵ ناکەین. هەمووان دەڵێن ژن نیوەی کۆمەڵگەیە، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت ژن هەموو کۆمەڵگەیە، بۆیە پێویستە هەموومان یەک دەست بین و بەهێز بین بۆ ئەوەی بتوانین کۆمەڵگەکانمان بگۆڕین.