هاوسەرۆکانی پارت چەپی سەوز و ئامینە شەنیاشار بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەنگیان دا

ئەمڕۆ ٢٨ی ئادار خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەدەچێت و هاوسەرۆکانی پارتی چەپی سەوزو ئامینە شەنیاشار دەنگیان دا.

ناوەندی هەواڵ -ڕەحا

 

دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار نەتواندرا پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دیاری بکرێت، هەڵبژاردن کەوتە ئەمڕۆ ٢٨ی ئادارو لە بەیانی ئەمڕۆوە خولی دووەمی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی تورکیا، لە تورکیاو باکووری کوردستان دەستیپێکردووە.

 

چیگددم کلیچگون ئوچار و ئیبراهیم ئەکین، هاوسەرۆکانی پارتی چەپی سەوز دەنگیان داو، چیگدەم کلیچگون لە قوتابخانەی گازی لە ناوچەی سوڵتانغازی ئیستەنبوڵ و ئیبراهیم ئەکین لە قوتابخانەی ئامادەیی ئیسگۆرن ئەبادۆلو لە کۆناکی ئیزمیر دەنگیان دا.

 

"لە ١٤ی ئایار زیاتر سندوقەکان بپارێزن"

چیگدەم کلیچگۆن ئوچار لە سندوقی دەنگدانی ژمارە ١٣٥٩ دەنگی دا و وتی: دەمەوێت هەمووان بچن بۆ بنکەکانی دەنگدان و دەنگ بە دیموکراسی و گۆڕانکاری و یەکسانی و ئازادی بدەن، جارێکی دیکە کێشەی ئاسایش هەیە، بە هاوڕێکانم دەڵێم کە بەهێزە زیاتر لە ١٤ی ئایار وریا بن بۆ پاراستنی زیاتری دەنگەکانمان و سندوقەکانی دەنگدان و داهاتوومان، بە هیوای ئەوەی ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە ببێتە ئامرازێک بۆ یەکسانی و ئازادی بۆ خەڵکی تورکیا.

 

ئامینە شەنیاشار دەنگی دا

ئامینە شەنیاشار، کە هاوژینەکەی و دوو کوڕەکەی لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لەلایەن پاسەوانان و کەسوکاری ئیبراهیم خەلیل یەڵدزی پەرلەمانتاری ئاکەپەوە لە ناوچەی پرسوسی ڕەحا کۆمەڵکوژکران، لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی، کە بە برینداری ڕزگاری بوو، دەنگیان دا.

 

"خاوەنداری لە دەنگی خۆتان بکەن"

ئامینە شەنیاشار دوای دەنگدانەکەی وتی: دەنگ بدە، با لەم پرۆسە سەختە دەرباز بین، بە ڕەزامەندی خودا گۆڕانکاری ڕوودەدات.

 

هەروەها فەریت شەنیاشار، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوزی ڕەحا وتی: بۆ داهاتوویەکی دیموکراتیک و ڕووناک، ئێمە دەنگمان بۆ دادپەروەری و ئاشتی دا، داوا دەکەین کە هەموو کەسێک بچێتە بنکەکانی دەنگدان و دەنگ بدات.