هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگەوازی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان کرد

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەیان جار سەروەریی سیاسی و نیشتمانیی عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی بە شێوەیەکی زەق پێشێل کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کامپی پەنابەران و پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامی هەیە، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەو بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی هاوپەیمانیی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، بەم شێوەیە:

“ئاگادارییەکی بە پەلە و بانگەوازی هاوپەیمانیی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

هێرشە تێرۆریستییەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پەنابەران و حزبە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکەین ڕوو لەسکرتێری گشتی و شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان، حکوومەتی ناوەندیی عێراق و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ.

 

لە ماوەی ٢١ ڕۆژی ڕابردوودا، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی تاوانە سیستماتیکەکانی خۆیدا، دەیان جار سەروەریی سیاسی و نیشتمانیی عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی بە شێوەیەکی زەق پێشێل کردووە. ئەم ڕژێمە بە زنجیرە هێرشی بەردەوام و دڕندانەی مووشەکی و درۆنی، کەمپی پەنابەران و بنکەکانی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی بە بەردەوامی کردووەتە ئامانج.

 

 ئەم دەستدرێژی و سنووربەزاندنانە لە کاتێکدا دەکرێن کە حزبە سیاسییە کوردەکانی ئێران ساڵانێکە چالاکییەکانی خۆیان لەسەر خەباتی سیاسی چڕ کردووەتەوە و هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی سەربازیی بۆ سەر ناوچەکە نەبوون و نین. بۆیە ئەم هێرشانە، تەنیا بیانوویەکن بۆ دووبارەکردنەوەی سووڕی توندوتیژی و درووستکردنی ترس و تۆقاندن.

 

ئەم کردەوە دەستدرێژکارانەیە، ژیانی سەدان کەسی سڤیل لەوانە ژمارەیەکی زۆر منداڵی ڕووبەڕووی مەترسییەکی جیدی کردووەتەوە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونەوەی دووبارەی خێزانە مەدەنییەکان لە بارودۆخێکی سەختی مرۆییدا. ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان دەکەین:

١-بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی کاریگەریی خۆیان، فشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاد بکەن بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هێرشانە.

٢- بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکی سڤیل لە بەرامبەر هێرشە درۆنییەکاندا، ناوچەکانی نیشتەجێبوونی پەنابەران بە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی تەیار بکرێن.

٣- تیمێکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندەکانی ئەم تاوانانە بەڕێی ناوچەکە بکرێت.

 

هەروەها داوا لە حکومەتی عێراق وەک وڵاتی میواندار دەکەین کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارییەتی خۆی هەڵبگرێت.

 

حکومەتی عێراق دەبێت لە  راگەیاندراوە ڕواڵەتییەکان زیاتر هەنگاو بنێت و ئەمنییەتی گیانی پەنابەران و چالاکانی سیاسی گەرەنتی بکات و بە شێلگیرییەوە لە هەمبەر پێشێلکردنی سەروەرییەکەی لەلایەن ئێرانەوە بوەستێتەوە.

 

کاتی هەنگاونان هەر ئێستایە. بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم تاوانانە، گڵۆپی سەوزە بۆ بەردەوامیی تیرۆریزمی دەوڵەتی.