هاوپەیمانی ژنانی کوردستان: جەخت لەسەر کوردستانێکی پێشکەوتوو دەکەینەوە

دوای دوو ڕۆژ لە کۆبوونەوە، هاوپەیمانی ژنانی کوردستان ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا خستەڕوو ڕایگەیاند، خەجت لەسەر کوردستانێکی پێشکەوتوو دەکەنەوە کە یەکسانی جێندەر تێیدا فەراهەم بێت.

سلێمانی

هاوپەیمانی ژنانی کوردستان کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ ڕاگەیەندرا، پێکهاتووە لە زۆربەی ڕێکخراوەکانی ژنانی کوردستان و چەندین ژنانی چالاکوان و ئەکادیمی کە تایبەتمەندن لە بواری جیاوازدا، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو ساڵ ئامادەکاری بۆ ڕێکخستنی خۆی کردووە.

هاوپەیمانیەتییەکە لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی کانوونی دوومی ٢٠٢٣، کۆبوونەوەی وەرزی ئاسایی خۆی لە ئۆفیسی رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنی "CDO"، لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.

لەم کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی ئێستای ژنانی کوردستان و دەرفەت و بەربەستەکانی بەردەم بزوتنەوەی ژنان لە کوردستان کرا لەسەر ڕۆشنایی دەرئەنجامی گتوگۆکان بەرنامە و پلانی کارکردنی خۆی بۆ ئەمساڵ داڕشت.

ئاماژە بەوەکرا کە هاوپەیمانی ژنانی کوردستان جەخت لەسەر "هێنانەدی کوردستانێکی پێشکەوتوو و دیموکراسی و مەدەنی دەکاتەوە کە تێیدا یەکسانیی جێندەر فەراهەم بێت، مافە مەدەنییەکانی سەرجەم تاکەکانی پاریزراو بێت".