هاوپەیمانی ژنانی کوردستان: بێباکی حکومەت کوشتنی ژنان زیاد دەکات
هاوپەیمانی ژنانی کوردستان بەیاننامەیەکی ناڕەزایی دژ بە کوشتنی ژنان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە شنیار دوا قوربانی ئەقڵییەتی پیاوسالاری ژن کوژە ئەگەر حکموەت بێ باک بێت لە ئاست کوشتنی ژنان.
ناوەندی هەواڵ
هاوپەیمانی ژنانی کوردستان، لە بەیاننامەیەکی نوسراودا نارەزایی خۆیان نیشاندا دژ بە کوشتنی شنیار هونەر، ئاماژەشیان بەوەدا کە پێویستە حکومەت بە هەموو توانایەوە ڕێگری لە کوشتنی ژنان بگرێت.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: شنیار دوا قوربانی ئەقڵییەتی پیاوسالاری و ژنکوژ نابێت لە کوردستاندا ئەگەر بێتوو حکومەت بێباک بێت لە ئاست کوشتنی ژنان و ڕێکاری پتەو بۆ ڕێگەگرتن لێی نەگرێتەبەر، لێخۆشبوون یان چاوپۆشی کردن لە تاوانباران هەبێت بەهەر هۆکارێک بێت، ڕێگری لە بەشوودانی منداڵ و بەزۆر بەشوودان و فرەژنی نەگرێت بە پێی یاسا.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "لە کوردستاندا ژیانی ژنان لە بەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدایە و جگە لە ڕێکخراوە سیکۆلارەکان و دامودەزگا تایبەتمەندەکان، کەس خۆی بە بەرپرسیار نازانێت، بەداخەوە ئەمانەش ژمارە و توانا مرۆیی و داراییەکانیان زۆر سنوردارە".
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا هاوپەیمانی ژنانی کوردستان داوای کۆبوونەوەی بە پەلەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم مەترسییە گەورەیە، تاوەکو پلانی تۆکمەتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان و هێنانەدی یەکسانی جێندەری دابنرێت.
هاوپەیمانی ژنانی کوردستان، لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە شاری هەولێر ڕاگەیەندرا کە پێکدێت لە بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی ژنان لە چوار پارچەی کوردستان، بە ئامانجی یەکخستنى توانا و یەکدەنگى ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان لەسەر پرسەکانی تایبەت بە ژن.
ت.پ