هاوپەیمانی نادا: دۆسیەی ئایشە گۆکهان هێمای خەبات بۆ ئازادی لە دژی ستەمکارییە

هاوپەیمانی نادا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە، کە دۆسیەی ئایشە گۆگهان، چالاکوان لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن و پێشێلکارییەکانی دژی چالاکوانانی سیاسی ژن بەڵگەدار بکەن.

ناوەندی هەواڵ - ئایشە گۆکهان، چالاکوان ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و مافەکانی گەلی کوردستان و مافەکانی ژنان لە دژی توندوتیژی و پەراوێزخستن، بە دەنگ و ئیرادەی خۆی، خواستی هەزاران ژنی بەرجەستە کرد کە ئامادە نەبوون ملکەچ بن.

 

هاوپەیمانی ژنانی دیموکرات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (نادا) ڕۆژی ١١ی ئەیلوول ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، داوای هاودەنگی لەگەڵ ئایشە گۆکهان، چالاکوان و دۆسیەکەی بە هێمای خەباتی ئازادی لە دژی ستەمکاری لە پێنووسدا، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە نیگەرانیەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی پەیوەست بە دادگاییکردنی ئایشە گۆکهان، چالاکوان دەکەین، ئەو ژنەی ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ بەرگریکردن لە ئازادی، مافەکانی گەلی کوردەکەی، و مافەکانی ژنان، پێشتر وتەبێژی تەڤگەری ژنانی ئازاد و دەنگێکی دەنگدار بوو بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە ڕەتیانکردەوە ملکەچی ستەمکاری و توندوتیژی بن.

 

جەخت لەوە کراوەتەوە، کە دەسەڵاتداران لە دەنگی ژنانی ئازاد دەترسن، خەباتی ئەویان لە "تاوانێک" زیاتر نەبینیوە، بەرگریکردن لە کەرامەت و بەرخۆدانی ڕەوای ئەویان گۆڕیوە بۆ تۆمەتێکی درۆ، ئەو ژنە بە تۆمەتی هەڵبەستراو بە پەردەی 'پشتیوانی لە تیرۆر'، لە هەوڵێکی ڕوون بۆ بێدەنگکردنی دەنگی و ئەو ڕۆحی خەباتەی کە نوێنەرایەتی دەکات، کە سزای ٣٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام ئەو ڕاستیەی کە هەمووان دەزانن ئەوەیە کە  ئایشە گۆکهان بەرگری لێکرد، بەرخۆدان بوو لە بەرامبەر نادادپەروەری، دادپەروەری لە بەرامبەر ستەم و یەکسانی لە بەرامبەر ستەمکارێکدا،  عەقڵیەتی پیاوسالاری.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە سبەی، دادگاییکردنەکەی دوای تانەدان دادگای دەکرێتەوە، و ئێمەش لە هاوپەیمانی نادا، ئەم دادگاییکردنە بە خاڵی وەرچەرخان دەزانین کە یان لایەنگری دەسەڵاتی دادوەری بەرامبەر بە بەهاکانی دادپەروەری، یان بەردەوامی ملکەچبوونی بۆ لۆژیکی سەرکوتکردنی سیاسی ئاشکرا دەکات، ئێمە پێمان وایە دادگاییکردنی چالاکوانانی وەک ئایشە گۆکهان بابەتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو بابەتێکی مرۆڤدۆستانە و پرسێکی ئەخلاقی پەیوەست بە ئازادی هەموو ژنان و مافی چارەنووسی گەلان.

 

هاوپەیمانی نادا لە ڕاگەیەندراوەکەدا بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بوەستنەوە و بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن کە چاوپۆشی لەم پێشێلکارییە ڕوونانەی مافی مرۆڤ نەکات، هەروەها بانگەوازی لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە دۆسیەی ئایشە گۆکهان لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن و پێشێلکارییەکانی دژی چالاکوانە سیاسییە ژنەکان بەڵگەدار بکەن، وتی: دەبێت تەڤگەری ژنان بە هاودەنگی لەگەڵ ژنێک کە لە سەختترین هەلومەرجدا ئاڵای ئازادی هەڵدەگرێت، دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە، هێزەکانی دیموکرات و گەلانی ئاشتیخواز دەبێ ئەم دۆسیەیە بە هێمای خەباتی ئازادی لە دژی ستەمکاری بزانن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ژنێک کە ئیرادەی بەرەنگاربوونەوەی بەرجەستە بووە، پەیامێکی هەڕەشەئامێزە بۆ هەموو ئەو ژنانەی داوای مافەکانیان دەکەن و پەیامێکی ترساندنە بۆ هەموو ئەو کۆمەڵگەیانەی کە خەون بە دیموکراتیەوە دەبینن، ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە مێژوو سەلماندویەتی کە دەنگی ئازاد زیندانی ناکرێت، ئیرادەی ژنان ناشکێت، هەروەها فرمێسکی ژنانی چالاکوان لە پشت مێزی دادگا دەگۆڕێت بۆ ڕووباری ئیرادە، ئێمە لە هاوپەیمانی نادا هاودەنگی ڕەهای خۆمان لەگەڵ هەڤاڵمان ئایشە گۆکهان ڕادەگەیەنین و دووپاتی دەکەینەوە، کە دەنگی ئەو و دەنگی هەموو ژنانی ئازادە هەرچەند هەوڵی بێدەنگکردنمان بدەن، بەئامادەی دەمێننەوە، ئازادی دادگایی ناکرێت، دادپەروەری زیندانی ناکرێت و بەرخۆدانی ڕەوا بە تاوان نازانرێت، بۆیە با ڕۆژی دادگاییکردنی ئەو بکەینە ڕۆژی هاودەنگی جیهانی، ڕۆژێک کە دەنگی ژنان لە هەموو شوێنێکەوە بەرز دەکرێتەوە، دووپاتی دەکەینەوە، کە کۆت و بەندەکانی زیندانیان ئیرادەی ئازادی ناشکێنێت.