هاوپەیمانی ١٨٨ خۆپیشاندان لە چەند پارێزگایەکی عێراق ڕێکدەخات
بڕیارە ئەمڕۆ لە چەندین پارێزگای عێراق دژی هەمواری یاسای باری کەسی خۆپیشاندان بكرێت، بەشێك لە چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەتی ژنان بەشداری خۆپیشاندانەكان دەكەن.
ناوەندی هەواڵ
بەشێكی شیعەكان دەیانەوێت هەمواری یاسای باری كەسی بكەن و هەر ژن و پیاوێكی عێراقی لەكاتی هاوسەرگیریدا بتوانن مەزهەبیان دیاری بكەن، بەمەش ئەگەر مەزهەبی جەعفەری بە نموونە وەربگیرێت، كچ لە تەمەنی ٩ ساڵی هاوسەرگیری پێ دەكرێت و كوڕیش لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوسەرگیر دەكات، چالاكوانانیش تێپەڕاندنی یاساكە بە مەترسیدار ناودەبەن چونکە پێشێلی مافی ژنان و منداڵان دەکات.
هەمواری یاساکە کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێناوەو هاوپەیمانی ١٨٨ كە لە ژمارەیەك ڕێكخراو، هێزە مەدەنییەكان، چالاكوانان و ژنان پێكدێت، سەبارەت بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی هەمواری یاسای باری كەسی لە چەند پارێزگایەكی عێراق، ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوتێیدا هاتووە: دژی هەمواری یاسای باری كەسی ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغدا، بەسرە، كەركووك، نەجەف، دیوانییە، بابل و زیقار خۆپێشان دەكرێت و داوا دەكەن هەموارەكە لە پەرلەمان بكشێندرێتەوە و ڕەتبكرێتەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، یاساكە عێراق و خێزانەكان و پێكهاتەكان دابەش دەكات و دژی مافەكانی مرۆڤ بەتایبەت ژنانە و لەگەڵ بێبەشكردنی ژنان و كچانە لە میرات و مافەكانی دیكە، جگە لەوەی ئەو هەموارەكە ڕێگە بە بەشوودانی كچانی خوار تەمەن ١٠ ساڵ دەدات.
هەر ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک، ژمارەیەک لە چالاکوان و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی لە بەردەم کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤدا گردبوونەوە.