هاوڵاتییانی قەرەداغ پاڵپشتی خۆیان بۆ بەرخۆدانی كوردانی حەلەب دەربڕی

لە شارۆچكەی قەرەداغ بە مەبەستی پاڵپشتی لە بەرخۆدانی كوردانی حەلەب گردبوونەوە کراو ڕاگەیەندرا، ئەوەی بەرانبەر هەر دوو گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ئەنجام درا جینۆسایدبوو بەرامبەر گەل.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ توێژە جیاوازەکانی شارۆچكەی قەرەداغ لە سنووری سلێمانی، بە بە بەشداری نوێنەری حزب و پارتە سیاسییەکان و بە مەبەستی پاڵپشتی لە بەرخۆدانی كوردانی حەلەب گردبوونەوە و تێیدا ڕاگەیاندراوێك خوێندرایەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتبوو، ئەوەی بەرانبەر هەر دوو گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ئەنجام درا جینۆسایدبوو بەرامبەر گەلەکەمان بۆیە ناكرێت لە ئاست ئەو ڕووداوەدا بێدەنگ بین، ئێمە ئەو هێرشانە بەتوندى ئیدانە دەکەین، لەهەمانکاتدا پشتیوانى خۆمان بۆ بەرخودان و خەباتى ڕەواى گەلەكەمان لە ڕۆژئاواى کوردستان ڕادەگەیەنین، ئێمە لەو هێرشانە بێدەنگ نابین و هەموو هەوڵێكمان دەخەینەگەڕ و هەموو ڕێگایەك دەگرینەبەر بۆ ئەوەى فشاری مەدەنییانە درووست بكەین تا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی كوردانی حەلەب بكەن.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و تەواوى ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، بەرانبەر هێرشەكانی سەر کوردانی ڕۆژئاواى کوردستان بێدەنگ نەبن.

 

هەروەها ڕایانگەیاند، داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەین سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانى میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە حکومەتى کاتى دیمەشق دابنێن، هەروەها بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرانبەر هێرشەکانى سەر ڕۆژئاواى کوردستان دژى بنەماکانى پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەى جیهانیى مافى مرۆڤە.

 

لە كۆتایدا هەریەكە، لە محەمەد قەرەداغی مامۆستای ئاینی و وەهاب ئەحمەد ئەندامی کۆمیتەی شەهیدان، بۆ پاڵپشتی هاوڵاتییانی هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە وتەیان پێشكەش كرد.