هاوڵاتیانی ئێران نەیانتوانی شیرینی جەژن بکڕن

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خاوەکان، بەرهەمهێنانی شیرینی و داواکاری خەڵکیش بۆ کڕینی شیرینی کەم بووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

ئەگەرچی لە جەژنی نەورۆز نزیک دەبینەوە، بەڵام لە ئێران داواکاری خەڵک بۆ کڕینی جلوبەرگ و میوە و شیرینی کەمبووەتەوە بەهۆی خراپی باری ئابورییەوە و بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خاوەکانی وەک ڕۆن و شەکر لە بەرهەمهێنانی شیرینیدا، هاوڵاتیانیش توانای کڕینی شیرینیان نییە.

 

بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ناوخۆی ئێران نرخی شیرینی ناوخۆیی گەیشتووەتە ١٤٠-٢٠٠ هەزار تمەنی ئێرانی بۆ هەر کیلۆگرامێک، فرۆشیارانی شیرینی ناوخۆیش دەڵێن لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو شیرینیانە هەر کە بەرهەمدەهێنران دەفرۆشران، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زیادبوونی نرخی ڕۆن و شەکرەوە داواکاری بۆ شیرینی کەمبووەتەوە و بەو هۆیەشەوە فرۆشیارەکان تەنیا لەکاتی داواکردنیدا شیرینی بەرهەمدەهێنن.

 

لەو بارەیەوە سەرۆکی سەندیکای فرۆشگای شیرینییەکان لەڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند شیرینی گران بووە و هەموو کەسێک ناتوانێت ئەو بەرهەمە بکڕێت، ژمارەیەک لە خەڵک شتومەک دەکڕن کە کوالیتی کەمتر و نرخی کەمترە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی شیرینی لە مێزی جەژندا.

 

ت.پ