هاوڵاتیانی عێراق ڕووبەڕووی لێشاوی برسیەتی بوونەتەوە
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند نزیکەی ٣ ملیۆن کەس لە عێراقدا خۆراکی پێویستیان نییە.
ناوەندی هەواڵ
هاوڵاتیانی عێراق ڕووبەڕووی لێشاوی برسیەتی بوونەتەوە، عەبدولڕەحمان میجاج نوێنەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، عێراق بووە بەو ناوچانەی ڕێژەی برسیەتی تیایدا زۆر بووە، نزیکەی ٣ ملیۆن کەس برسین و ژیانیان لە چاوەڕوانی پارویەک نان بەسەر دەبەن، ئەم ژمارەیە ٧٣١ هەزار ئاوارەش دەگرێتەوە.
ئابووری عێراق تا ئێستا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و دواتر دابەزینی بەهای دیناری عێراق بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، ئابووری عێراقی بەرەو کزی و خراپی بردووە، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان ئاماژەی بەوەشداوە، "زۆربەی کاڵا خۆراکییەکانی رۆژانە هاوردەن، ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر بڕیاری نرخی هەندێک لەو خۆراکە بنەڕەتییانە، بۆیە کاری کردووەتە سەر ئاسایشی خۆراک لەسەر ئاستی خێزاندا".
کۆرۆناش هۆکارێکە بۆ خراپبوونی باری ژیانی خەڵکی، بەهۆیەوە کار و کەسابەتیان لەدەست داوە و گوزەرانیان خراپ بووە بەو هۆیەوە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس کەوتنە بەر ژیانێکی نەداری و پێشتریش شەش ملیۆن و ٩٠٠ هەزار هەژار هەبوون لە عێراقدا.
گەیشتن بەو ئەنجامەش لە رێگەی لێکۆڵینەوەیەکەوە بووە کە وەزارەتی پلاندانان بە هاوکاریی بانکی نێودەوڵەتی و رێکخراوی یونسێف لە مانگی تەمووزی رابردوودا کردوویەتی، بەڵام ئێستا خەریکە دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و رێژەکەش لە کەمبوونەوەدایە.
ت.پ