هاڤا کران کە نیوەی تەمەنی لە خەباتدا بەسەربردووە داوای ڕێکاری یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتیک دەکات
هاڤا کران زیاتر لە نیوەی تەمەنی خۆی بۆ خەبات بۆ ئاشتی تەرخان کردووە و دەڵێت: بە نیگەرانییەوە بەدوای نەبوونی پێشکەوتن لە "رێبازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"دا دەگەڕێت، داوای ڕێکاری یاسایی خێرا دەکات.
ئارژین دیلەک ئۆنجل
ئامەد-زیاتر لە سەدەیەک کە بە سیاسەتی نکۆڵی و جینۆساید و زیاتر لە ٥٠ ساڵ شەڕ و ململانێ، گەلی کورد لە تورکیا بەرگەی ئازارێکی بێئەندازە گرتووە، کورد کە لە پێناو ژیانێکی ئازاد و کەرامەتدا خەباتی کردووە، لە سەردەمی کۆماردا تووشی کۆمەڵکوژی و کوشتاری چارەسەرنەکراو و سووتاندنی گوندەکان لە ساڵانی نەوەدەکان و لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠دا تووشی زیندان و دەربەدەری بوون، هەموو ئەمانەش لە هەوڵێکدا بوون بۆ بنبڕکردنیان و سڕینەوەی ناسنامەکەیان.
سەرەڕای ئەم هەموو کارەساتە، کورد دەستبەرداری خەباتی بۆ ئاشتی نەبووە، پەکەکە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە قۆناغی جیاجیادا لەگەڵ تورکیا سەرقاڵی ئاگربەست و دانوستانەکانی ئاشتی بووە، دوایین جاریش لە کاتی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥.
بەڵام پرۆسەکە لە ساڵی ٢٠١٥ کۆتایی هات، دوای ئەوەی دوو ئەفسەری پۆلیس لە ماڵەکانیان لە شارۆچکەی سەرێکانی لە پارێزگای رەها کوژران، ئەم ڕووداوە وەک بیانوویەک بۆ کۆتایی هێنان بە پڕۆسەی ئاشتی سودی لێ وەرگیرا، هەرچەندە ئەو گەنجانەی پێوەندی لەگەڵدا بوون گیراون دوای ساڵانێک بێتاوان دەرچوون، بەڵگەکانی ناو دۆسیەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەفسەرەکان لەلایەن هاوکارەکانی خۆیانەوە کوژراون.
لەگەڵ کۆتایی هاتنی پڕۆسەی ئاشتی وڵات گەڕایەوە بۆ بازنەی ململانێی توندوتیژی و سیاسەتی دژە دیموکراتی و شەڕ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ئازاری هەزاران کەسی لێکەوتەوە.
چەقبەستوویی لە پرۆسەکەدا
پرۆسەیەکی نوێ کە بە "پرۆسەی دووەمی ئاشتی" پێناسە دەکرێت، لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، دوای بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکرد.
بەهۆی ئەوەی لە کاتی پڕۆسەی ئاشتیی پێشوو و دوای ئەوەی ڕوویدا، کورد بە وریایی زیاترەوە لەم قۆناغە نوێیە نزیک دەبێتەوە، سەرەڕای ڕاگەیاندنی لەناوبردنی چەک و کشانەوەی پەکەکە لە سنووری تورکیا و سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک لەو کاتەوە، هێشتا پرۆسەکە مسۆگەری یاسایی و دەستووری نییە، جگە لەوەش پێگەی یاسایی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دیاری نەکراوە، هەروەها "مافی هیوا"یش جێبەجێ نەکراوە، ئەمەش دیالۆگ ە کاردانەوەی بەرچاوی لێدەکەوێتەوە.
هەرچەندە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، کەشێکی ئەرێنی هەیە، پرۆسەکەش وەک پێویست بەرەوپێش دەچێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری چاکسازی یاسایی سەیر دەکرا، بەڵام بازنەکانی دیموکراتی هێشتا نیگەرانن لە ناڕوونیی دەوروبەری پرۆسەکە.
دایکانی ئاشتی بۆ حکومەت: گوێمان لێ بگرن
بە مەبەستی پێشخستنی پرۆسەکە و هەنگاوی بناغەیی، ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا داواکارییەکیان پێشکەش بە وەزرەتی داد کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆببنەوە، ئەمەش دوای ئەو سەردانانە هات کە بە بۆنەی ڕۆژی دایکەوە بۆ لایەنە سیاسییەکان ئەنجامیاندا، دایکانی ئاشتی کە باجێکی قورسیان لە شەڕ و ململانێدا داوە، لە دیارترین دەنگەکانن کە جارێکی دیکە بانگەوازی ئاشتی بەرز دەکەنەوە دوای هیوایەکی نوێ بۆ ئاشتی و هیوادارن ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێبێت.
لە نێو ئەو دایکانەدا هاڤا کران، تەمەن ٦٧ ساڵ، کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە پەیوەندی بە ئەنجومەنی دایکانی ئاشتیەوە هەیە، تا ئێستا پێنج جار دەستگیرکراوە و ١٠٦ دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە دژی کراوەتەوە وتی: ئەمە تەنها ئەوەیە کە لە دژی من کراوەتەوە، هەموو ئەو دایکانەی داوای ئاشتییان کردووە، شتی هاوشێوەیان بەسەر هاتووە، ئەگەر ئەو ژنانەی منداڵەکانیان لەدەستداوە هێشتا وتیان: ئێمە ئاشتیمان دەوێت، ئەوا دەبێت گوێمان لێبگرن.
متمانە لە دابەزیندایە
سەبارەت بە پڕۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"، هاڤا ئانا (هاڤا کران) وتی: نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لەسەر بنەمای بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجالان و دەوڵەت باخچەلی، دەوڵەت دەستی بە ڕێگایەکی نوێ کرد، ئەم ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە خوێنڕشتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد، تەڤگەری پەکەکە هەموو ئەو شتانەی کە چاوەڕێی لێدەکرا، بەدیهێنا. بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاندبوو کە پێویستە گەل داوای ئاشتی لە شەقامەکاندا بکات، ئاشتی کۆمەڵایەتی بونیاد بنێن و بەم شێوەیە خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای ئاشتی و ئارامییان کرد.
بەڵام تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی نەناوە، وەک چاوپێکەوتنەکەمان ئاماژەی پێدەکات، ئەگەر تەنها یەک هەنگاوی بنایە، متمانە و باوەڕ بەم پرۆسەیە "زۆر بەهێزتر دەبوو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باوەڕی خەڵک لە دابەزیندایە، دەتوانین بڵێین متمانە نزیکە لە نەبوونی، ئێمە وەک دایکی ئاشتی لەناو خەڵکدا دەژین و ئەوانیش لێمان دەپرسن: ئێوە نەتانوت ئاشتی لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا دێت؟ بەڵام ناتوانین وەڵامیان بدەینەوە و دەوڵەت بەردەوامە لە بەکارهێنانی دەربڕینی ”تورکیا دوور لە تیرۆر”.
"تیرۆریستەکان ئەوانەن کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر خوێندکارە کوردەکان"
هاڤا کران ڕەخنەی لە تایبەتمەندکردنی پڕۆسەی "کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک" بە "تورکیا بێ تیرۆر" گرت، پرسیارێکیشی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە ئەم دەربڕینە بەکاردەهێنن: ئێمە وەک دایکان دەپرسین: تیرۆر چییە؟ کێ تیرۆریست؟ ئێمە تیرۆریست نین، تیرۆریستەکان ئەوانەن کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر منداڵانی کچی قوتابخانەی کورد و کوشتوویانن،ئەوەی ئەوان کردیان تیرۆری ڕاستەقینەیە، سەرەتا دەبێت ڕزگاریان بێت لە تیرۆریستانی ناویان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ماف و دادپەروەری بۆ هەموو کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوایە، بتوانین وەک خوشک و برا پێکەوە بژین و منداڵەکانمان وەک منداڵەکانیان لە قوتابخانەکاندا بە زمان و ناسنامەی خۆیانەوە بژین، کچ و کوڕەکانمان بەلای چەکەوە ڕاناکێشران و بەشداری شەڕەکەیان نەدەکرد، بەڵکو لە ماڵەکانیان دەخەوتن، نەک لەسەر بەرد.
"لەم بارگرانییە ڕزگارمان بکە"
دووپاتی کردەوە، کە داخوازییەکانی کورد بۆ یەکسانی و ئازادی و ژیانێکی شکۆمەندانە، نەبوونی ماف و سەروەریی یاسا لە هەر وڵاتێکدا دەبێتە هۆی ئازار بۆ هەموو گەلەکەی، وتی: من قسە بۆ دەوڵەت دەکەم، ئێمە یەکسانیمان دەوێت، ئەگەر یەکسانی هەبوایە بە هیچ شێوەیەک پرسی کورد نەدەبوو، وەک دایکێکی ئاشتی بانگەواز بۆ تورکیا دەکەم، هەنگاوی بناغەی بنێین بۆ ئەوەی ئێمەش لەو بارگرانییە ڕزگارمان بێت کە لەسەر شانمان هەڵیدەگرین، هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی باوەڕتان پێبکەین، ئێمە داوای جێبەجێکردنی مافی هیوا دەکەین.
وتیشی: بیر لە سەرکردەیەکی گەل بکەرەوە کە بەردەوام باسی ئاشتی دەکات، نیلسۆن ماندێلاش لە زینداندا مایەوە، بەڵام ئەو دەستبەرداری خەباتی خۆی بۆ ئاشتی نەبووە، بەڕێز ئۆجالانیش هەرگیز زمانی شەڕی بەکارنەهێناوە. پێویستە لە نێو گەلەکەیدا بێت و لەگەڵیان خەریکی سیاسەت بێت، ماندێلا مافەکانی بەدەستهێنا و ئازاد بوو، هەروەها دەمانەوێت بەڕێز ئۆجالان ئازاد بێت، ئێمەش دەمانەوێت بەڕێز ئۆجالان ئازاد بێت، ئێمە دەمانەوێت خاوەنی پێگەیەکی یاسایی و پێگەی فەرمی بێت، چونکە تەنها داوای ئازادی بۆ کورد ناکات، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی جیهانی دەکات.
بانگەوازی ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش
هاڤا کران خوازیاری کردنەوەی دەروازەکانی زیندان و ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش بوو، ئاماژەی بە ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادکردنیان کرد، وتی: لە زیندانییەک دەپرسن کە ٣٣ ساڵ لە زینداندا بەسەر بردووە: پەشیمانیت؟ ئەگەر پەشیمانی بوایە هەر لە ساتەوەختی دەستگیرکردنەکەیەوە وای دەوت کەسێک کە ٣٣ یان ٣٥ ساڵی تەمەنی لە زینداندا بەسەر بردبێت، دەبێت پەشیمان بێتەوە؟
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لە سەپاندنی ”پەشیمانی” ئەوەیە کە تورکیا بە ئەوروپا بڵێت: سەیرکە لە زیندانەکاندا پەشیمانن و واز لە دۆزی خۆیان دەهێنن، ئەوان ئەمە دەکەن بۆ ئەوەی زیندانییەکان پەنا نەبەنە بەر داوای مافەکانیان بەپێی یاساکانی ئەوروپا.
دووپاتی کردەوە، بیر لە دایکێک بکەرەوە کە لەم ڕێگایەدا زیاتر لە کوڕێکی لەدەستداوە، کە بە دەستی خۆی دەستی لە جەستەی بڕاوەکانی منداڵەکانی داوە، هەندێکجار دەست و پێ و تەنانەت سەریشی نەبووە، بەرگەی ئەم هەموو ئازارە گرتووە و دواتر بە دەستی خۆی منداڵەکانی بە خاک سپێرداوە، تەنانەت لە کاتێکدا کوڕەکەی بۆ پشوودان دادەنێت، هێشتا وتی: ئێمە ئاشتیمان دەوێت، ئەوان لێمان دەپرسن بۆچی؟چونکە وەک دایکانێک کە تامی ئەم ئازارەمان کردووە، نامانەوێت کەسی تر ئەزموونی بکات ئەم بارگرانییە زۆر قورسە.
"ئاشتی و ئازادی لە نان و ئاو بەنرخترە"
لە کۆتایی قسەکانیدا، هاڤا کران کورتەیەک لە داخوازییەکانی دایکانی ئاشتی باس کردوو و وتی: ئێمە پێگەی یاساییمان دەوێت، دەمانەوێت ڕێبەر ئۆجالان لە نێو گەلەکەیدا بێت و بیرۆکەکانی لەگەڵیاندا هاوبەش بکات، ئێمە دەمانەوێت لە وڵاتێکی دیموکراتی و ئازاددا بژین، بێ توندوتیژی، شەڕ یان دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان، منداڵانی کورد ناتوانن لە قوتابخانەکاندا بە زمانی کوردی قسە بکەن، ئەوانەی وا دەکەن یان لە زیندانن یان لە ئەوروپا خەڵک بە ئەندامانی پەرلەمان و سەرۆک شارەوانیەکانیشەوە ناچارن وڵات بەجێبهێڵن بۆ ئەوروپا.