هالیدە تورکۆغلو: بودجەیەک کە ژنان پشتگوێ دەخات، ڕەتی دەکەینەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی، لە گفتوگۆکانی بودجەی وەزارەتی کار و دڵنیایی کۆمەڵایەتی، داوای لابردنی ئەو بەربەستانەی کرد کە لەبەردەم مافەکانی ژنان بۆ دڵنیایی لە کار و ڕێکخراوبوون هەن.
ناوەندی هەواڵ – هالیدە تورکۆغلو، سەرۆکی ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان دەم پارتی ، لە گفتوگۆکانی بودجەی وەزارەتی کار و دڵنیایی کۆمەڵایەتی، جەختی لەسەر نەبوونی ئاسایشی پیشەیی و فراوانبوونی کاری نافەرمی کردەوە و ڕایگەیاند کە بودجەی وەزارەت بە سیاسەتێک ئامادە کراوە کە تێکۆشانی ژنان پشتگوێ دەخات.
هالیدە تورکۆغلو یادی ئەو کەسانەی کردەوە کە لە دیلۆڤاس ژیانیان لەدەست داوە و وتاری خۆی بە یادی جانسو ئەسەتۆغلو، نیسانوور تاشدەمیر، توغبا تاشدەمیر، ئەسما گیکان، شەنگوڵ ییلماز، حانیم گوڵەک و تونجای ییلدیز دەست پێ کرد؛ ئەوانەی لە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا، لە ئاگرکەوتنەوەی شوێنی کاری کۆمپانیای ڕاڤیڤە کۆزمتیک لە دیلۆڤاس گیانیان لەدەست دا. هەروەها ئەرکی وەزارەتی لە چاودێریکردنی شوێنەکانی کار و ڕێگریکردن لە ڕوودانی ڕووداوە کوشندەکان خستەڕوو.
تورکۆغلو ئاماژەی بەوە دا کە بودجەکە نەبوونی ڕێکارەکانی پێشگیری، پشکنینی لاواز و ژیانی لەدەستچوو نیشان دەدات و گوتی: «ئێمە بودجەیەک تاوتوێ دەکەین کە پشت بە سیاسەتەکانی پشتگوێخستنی تێکۆشانی ژنان دەبەستێت، نایەکسانییەکان لە ژیانی کاری ژناندا قووڵتر دەکاتەوە و لەبری دۆزینەوەی چارەسەر، ژنان ناچار بە کارکردن لە ژینگەی نائاسایی، بەرامبەر مووچەی کەم و لە ژیانێکی نائاسودەدا دەکات».
بۆ ژنانی کرێکاری ناوماڵ چی کردووە؟
هالیدە تورکۆغلو ڕایگەیاند کە یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم سەربەخۆیی ئابووری ژنان، نەبوونی دەرفەتی کاری پسپۆڕانە و هەمیشەییە. ئەو پرسیاری کرد کە وەزارەت جگە لە بەرنامەکانی دامەزراندن و فێرکارییە کورتخایەنەکان، چ هەنگاوێکی ناوە.
تورکۆغلو ئاماژەی بەوە دا کە ژنانی کرێکاری ناوماڵ لە مەرج و بارودۆخی خراپدا، لە بواری پاککردنەوە، چاودێریکردنی منداڵان و پێگەیشتن بە ساڵخۆردووان کار دەکەن و لە ماڵەکانی شوێنی کاریاندا ڕووبەڕووی ئازاردان، سوودوەرگرتنی خراپ و توندوتیژی دەبنەوە.
ئەو لە وەزیرەکەی پرسی: بەڕێز وەزیر، بۆ ئەو ژنانەی کە ژیانیان لە هەر ساتێکدا بەهۆی نەبوونی تەندروستی و ئاسایشی پیشەیی دەکەوێتە مەترسییەوە، چی کردووە؟
هەروەها وتی ژنانی ناچار بە کاری نافەرمی، جارێکی دیکە لە بودجەکەدا پشتگوێ خراون و هیچ ڕێسایەک بۆ دڵنیابوون لە مافەکانی کرێکارانی ناوماڵ و هیچ میکانیزمێک بۆ سکاڵاکردن لە پێشێلکارییەکانی مافەکانیان دانەنراوە.
لە هەر دە ژنی کرێکار تەنها یەکێکیان ئەندامی سندیکایە
هالیدە تورکۆغلو ئاماژەی بەوە دا کە ڕێژەی ئەندامێتیی سندیکایی لەم بازاڕەی کاردا دابەزیوەتەوە بۆ ٧.٤١ لە سەد و تەنها ٥.٩١ لە سەدی ژنان ئەندامی سندیکان. هەروەها ڕوونی کردەوە کە سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی کرێکاران لە بازاڕی کاردا، ڕێژەی ئەندامێتیی سندیکایی ژنان لە ٥.٥٤ لە سەد ماوەتەوە.
تورکۆغلو وتی: بەڕێز وەزیر، لە هەر دە ژنی کرێکار تەنها یەکێکیان ئەندامی سندیکایە. ئێمە بە تەواوی بودجەکەتان ڕەت دەکەینەوە، چونکە ئەم سیستەمەی کارە بەردەوامی بە سوودوەرگرتنی خراپ لە تێکۆشانی ژنان دەدات، بەڵام لە هێزی ڕێکخراوەیی ئەوان دەترسێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە کرێکارانی کۆمپانیای دیگێل تەکستیل، بە پێشەنگایەتی ژنان، ماوەی ٦٥٦ ڕۆژە لە مانگرتندان و داواکارییەکانیان بریتین لە دامەزراندنی شوێنی چاودێریکردنی منداڵان، مافە سندیکاییەکان، گەڕاندنەوەیان بۆ سەر کار و مووچەی باشتر.
چ سیاسەتێکی کاری پەرەیان پێداوە؟
هالیدە تورکۆغلو ئاماژەی بە دابەزینی ساڵانەی ژمارەی کرێکارانی بیمەکراو لە مەلەتی بە ڕێژەی ١٧.٢ لە سەد، لە سامسۆن بە ٥.٥ لە سەد و لە هاتای بە ١١.٤ لە سەد کرد و تیشکی خستە سەر لەدەستدانی دەرفەتەکانی کار لە ناوچەکانی بوومەلەرزە.
ئەو وتی: ژنانی کرێکاری تووتون کە لە سامسۆن ناسیم، لە نێوان خەرجییە بەرزەکانی سووتەمەنی، ئاو و کارەبا و هەوڵدان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیاندا گیرۆدە بوون. ژنان بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی داهاتی دیکەوە، بەرهەمهێنانی تووتون بەردەوام دەکەن. لە بودجەکەتاندا بۆ ئەو ژنانەی لە کشتوکاڵدا کار دەکەن، دڵنیایی کۆمەڵایەتی، مافی خانەنشینی و کاری ئاسایی لە کوێدایە؟ بۆ ئەو ژنانەی بەهۆی بوومەلەرزەوە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان لەدەست داوە، چ سیاسەتێکی کارتان پەرە پێداوە؟
مافی کۆچبەران
هالیدە تورکۆغلو ڕوونی کردەوە کە ژنانی کۆچبەر بەهۆی مەترسیی ڕاگواستنەوە، ناتوانن بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافەکانیان دەنگ هەڵبڕن. ئەو ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ژنانە ڕووبەڕووی مەرجی کاری بە مووچەی کەم، کاتژمێری کاری درێژ، توندوتیژی و سوودوەرگرتنی خراپ دەبنەوە.
تورکۆغلو وتی ئەرکی وەزارەتە ژنانی کۆچبەر بگەیەنێتە مافەکانی کار، ڕێگە نەدات بەبێ تۆمارکردن کار بکەن و چاودێرییە پێویستەکان ئەنجام بدرێن. ئەو جەختی کردەوە: پێویستە مافەکانی کار و ژیانی ئەوانیش لەم بودجەیەدا جێگایان هەبێت.
گرتنەوەی کاری ناوماڵ لە یاسای کاردا
هالیدە تورکۆغلو داوای کرد کاری ناوماڵ لە یاسای کاردا جێ بکرێتەوە و ڕوونی کردەوە کە خەرجییەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستیی کرێکارانی ناوماڵ لە بودجەی گشتییەوە دابین بکرێن، کاری ناوماڵی بێبەرامبەر بە فەرمی بناسرێت و بە دڵنیایی کۆمەڵایەتییەوە ببەسترێتەوە، هەروەها بەربەستەکانی بەردەم ئەندامبوون لە سندیکاکان لاببرێن.
بەرنامەکانی ئیشکۆر
هالیدە تورکۆغلو داوای چاودێریکردنی بەرنامەکانی ئیشکۆر و کارە تۆمارنەکراوەکانی کرد و خوازیاری کۆتاییهێنان بە کارە کاتییەکانی بەرنامەی کاری کاتی و دامەزراندنی کرێکار بە مووچە و گرێبەستی کاتی لە کەرتی گشتیدا بوو؛ ئەو جۆرە دامەزراندنانەی کە لەبری کاری هەمیشەیی و بەردەوام جێبەجێ دەکرێن.
هەروەها داوای کرد مەرج و بارودۆخی تایبەتی ژنان لە سیاسەتەکانی تەندروستی و ئاسایشی پیشەییدا لەبەرچاو بگیرێن و بێسزایی لە دۆسیەکانی مردنی کرێکاران لە شوێنی کار کۆتایی پێبهێنرێت.
هالیدە تورکۆغلو لە کۆتایی وتارەکەیدا وتی: لەبەر ئەوەی ئەو خاڵانەی کە باسم کردن لە بودجەی وەزارەتەکەتاندا جێگایان نییە، ئێمە لە ناوی ژنان و کرێکاران و ئەوانەی بە تێکۆشان بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، ئەم بودجەیە ڕەت دەکەینەوە.