“ئاڕاستەی ڕووداوەکان مەترسیەکانی سەر ژیانمان دەردەخات”
بە هۆی ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە، دەستپێشخەرانی بەرەنگاری لە کوردستان چالاکیەکیان ئەنجام داو دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە چلاکی دژی داگیرکاریەکان.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە پارکی نالی لە شاری سلێمانی، کۆمەڵێک چالاکوانی شارەکە بە ناوی "دەستپێشخەرانی بەرەنگاری لە کوردستان" چالاکیەکیان ئەنجامدا و ئاماژەیان بەوەکرد، کە بەردەوام دەبن لە چالاکی و گردبوونەوە دژی ئەو هێرشانەی کە تورکیا دەیکاتە سەر ناوچەکانی کوردستان.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەی دەستپێشخەرییەکە خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە، "ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان لە هەر چوار لاوە دژی ماف و ئازادیەکانی گەلی کوردە، نەیارانی کورد ئەمەیان پی قبول ناکرێت و نایانەوی کە بە ئاسودەیی لەسەر خاکی خۆمان بژین، دوڵەتی تورکیا بۆ شاردنەوەی قەیرانەکانی چەکی کیمیایی بەرامبەر شەڕڤانی ئازاد بەکاردەهێنێت.
"بە هاوکاری دەسەڵاتی ستەمخوازی دیسان دەنگی ئازادی لە باشوری کوردستان کپ دەکرێت، ئازادیخوازەکانمان لە زیندانی پارتی زیندانی کراون، ڕزگاری گەلی هەموو پارچەکانی کوردستان بەندە بە یەکەوە، بۆیە هەر سیاسەتێکی ڕزگاریخوازانە دژی ستەمکاری دەرەکی و ناوخۆیی داکۆکی دەبێت لە کۆی کۆمەڵانی کوردستان.
داوا دەکەین کە جارێکی دیکە وەک ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ هیوایەک لە باشورەوە ببەخشینەوە بە گەلەکەمان، بۆیە ڕایدەگەیەنین کە ڕۆژی شەمە خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجام دەدەین".
"شۆڕش لە لایەن ژنانەوە دەستپێدەکات"
ڕوناک مەجید، ئەندامی بەڕێوبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، کە نەیارانی کورد چاویان لە پارچەکانی کوردستانە، بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیانی تیادا بدۆزنەوە، بۆیە هەموو ڕێگەیەک دەگرنە بەر بۆ قڕکردنی گەلی کورد، تەنها دەوڵەتانی داگیرکەر نیە کە دژی گەلی کوردن، بەڵکو لە ناوخۆشدا نەیاری هەیە، "داوا لە هەموو گەلی کورد دەکەم کە بێدەنگ نەبن و داکۆکی لە مافی خۆیان بکەن و دژی ئەم داگیرکاریانە بوەستنەوە، بە تایبەت ژنان، چونکە لەم ڕوەوە ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە سەرکەوتنی شۆڕشدا هەر لە ڕابردووەوە تا ئێستا".