فێستیڤاڵی "بۆ ئایندە کۆمەڵگەی دایکایەتی" لە هۆڵەندا ئەنجام دراو ژنۆلۆژی بەشداربوو
لە شاری ڤێنلۆی هۆڵەندا بە ناونیشانی "بۆ ئایندە کۆمەڵگەی دایکایەتیی" فێستیڤاڵێک ئەنجام درا و سەدان ژن بەشدار بوون، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بەشداری فێستیڤاڵەکە بوو.

ناوەندی هەواڵ
لە نێوان ٤ بۆ ٧ـی تەمووزدا لە شاری ڤێنلۆی هۆڵەندا فێستیڤاڵێک بە ناونیشانی "بۆ ئایندە کۆمەڵگەی دایکایەتی" ئەنجام درا کە دەیان دامەزراوەی پەیوەست بە خەباتی کۆمەڵگەی ماتریارکاڵی وەک ماتری فۆرم، ئەکادیمیای هاگیا و ماتریڤاڵ بەشداربوون، چەندین پانێڵ و وۆرک شۆپ لە ماوەی چوار ڕۆژدا لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی دایکییەوە پێشکەشکرا، یەکێک لە دامەزراوە بەشداربووەکان ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بوو.
زیاتر لە ٦٠٠ ژن، پیاو و منداڵ بەشداری فێستیڤاڵەکە بوون، ژنانی ناوچە جیاوازەکانی جیهان بە کولتووری خۆیانەوە گفتوگۆ و ڕوانگەکانیان خستەڕوو.
لە فێستیڤاڵەکەدا بۆ جیهانێکی ئیکۆلۆژی، ئازادیخوازی، یەکسان و ئاشتی بانگەواز کرا. ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی نەجیبە قەرەداخی لە وۆرک شۆپەکەدا لەسەر لایەنە تیۆری و پراکتیکییەکانی کۆمەڵگەی دایکیی قسەی کرد.
نەجیبە قەرەداغی ئاماژەی بە پەیوەندی نێوان کولتووری ئازادی و کەلتووری خوداوەندی لە تێکۆشانی ئازادی ژنان لە کوردستان کرد و دیالێکتیکی شۆڕشی ژنانی لە کوردستان ڕوون کردەوە. قەرەداخی ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم دیالێکتیکە لە ئێستادا لە ئاستی ئافراندندایە و ئاماژەی بە درووشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ کرد کە بناغەکەی لە فەلسەفەی ژیانی ئازادی ڕێبەر ئاپۆیەوە.
جنێڤیڤ ڤۆگانیش لە چوارچێوەی بابەتی ئابووریی دیاریدا ڕایگەیاند، پەیوەندیی نێوان دایک و منداڵ نەخشەڕێیەکی بنەڕەتیی ژیانمان دیاریدەکات.
لە کۆمەڵگەی ڕەسەنی خۆجێی کۆستاریکا ماریا سوارێز، هایدن کریستینا و لەیلا مۆرێنا باسی ئەوەیان کرد کە چۆن بە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەکان بەهای کلتووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی دایکی سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوە.
لێکۆڵەر و نووسەر ئانین ڤان دێر میر سیمینارێکی لەسەر لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە فیگورە خواوەندییەکان و کۆمەڵگەی دایکی بەر لە ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر، لەژێرناوی ‘ما’ پێشکەشکرد.
لە بەشی کولتوور و کۆمەڵایەتیی فێستیڤاڵەکەشدا شانۆ، کۆنسێرت، پێشانگا هەبوون کە لەڕێیانەوە ئاماژە بە مێژوو و سەردەمی ئێستاکەی کۆمەڵگەی دایکی کرا، لە فێستیڤاڵەکەدا بۆ بەشداربووانی پیاو وۆرکشۆپێکی تایبەت بەڕێوەچوو. بۆ منداڵانیش بەرنامەیەکی تایبەت ئامادەکرا.
لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا کۆنسێرتێک بەڕێوەچوو و بانگەواز بۆ ژنان کرا کە لەبەرامبەر شەڕ و میلیتاریزم دەنگیان هەڵبرن، خۆیان بگەیەننە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئاشتییانە.