ژنان بوونی خۆیان لە دەسەڵاتی دادوەریدا دەسەلمێنن

فاتمە مەسری ڕاوێژکار، توانی خۆی لە لایەنی تاوانکاریی یاسا لە خوێندن و پراکتیکدا بسەلمێنێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە هەموو مرۆڤێک بە کارەکەی جیا دەکرێتەوە نەک ڕەگەزەکەی و ژنانیش بوونی خۆیان لە دەسەڵاتی دادوەریدا سەلماندووە.

 ئیبتسام ئەغفیر

 

بنغازی- ژنان لە لیبیا لە ساڵی ١٩٨٨ەوە توانیویانە لێهاتوویی خۆیان لە بواری کارکردندا بسەلمێنن و لەهەمان ساڵدا هاتوونەتە ناو بوارەکەوە، هەروەها ئەرکی دادوەرییان لە بەشە جیاوازەکاندا وەرگرتووە، جا چ کارگێڕی بێت یان تاوانکاری هەر بۆیە لە ئێستادا ڕێژەی سەدی ژنان لە ئۆرگانەکانی دادوەری لیبیا بووەتە ٪٩٩، بەم شێوەیە بەڕێوەبردن و توانای ژنان لەم کارەدا بەرەوپشچووە.

 

فاتمە عومەر مەسری، ڕاوێژکاری دادگای تێهەڵچوونەوەی بنغازی و سەرۆکی دادگای تاوانەکان، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری یاسایی تاوانەکان سەبارەت بە ئەزموونی خۆی لە بواری دادپەروەری و بەردەوامی کارکردنی بۆ ماوەی زیاتر لە ٣٦ ساڵ، ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتای دەستێوەردانی ژنان لە دەسەڵاتی دادوەریدا لە ساڵی ١٩٨٨ بوو، وتی:  کۆمەڵێک لە ژنان لە کارگێڕی یاسایی بوون، من لەنێو ئەم یەکەم گروپە دەرچووانی ژن بووم لە فاکەڵتی یاسا لە زانکۆی بنغازی.

 

"سڵمان دەکردەوە لەوەی کار لەناو دادگاکاندا بکەین"

ڕوونیشیکردەوە، گروپی یەکەم خەڵکی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی لیبیا بوون، خەڵکی بنغازی، دێرن، بەیدە، شەهات بوون و لەو ماوەیەدا کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری داد هەبوو، هەوڵیان دەدا ڕازیمان بکەن بچینە ناو کارکردنی دادوەری، یان بۆ ئەوەی بچینە داواکاری گشتی، و ئەوە بیرۆکەیەکی نوێ بوو، بەڵام ئێمە وەک گروپێک بە توندی ڕەتمانکردەوە، دواتر لە خوێندن بەردەوام بووین، من لە دە یەکەمەکە بووم،

وەک هاندان ئێمەیان نارد بۆ سەردانی مەغریب، لەوێ سەردانی دادگا و داواکاری گشتیمان کرد، بۆمان دەرکەوت کە ژنان لە مەغریب لە ساڵی ١٩٦٢ەوە لە دەسەڵاتی دادوەریدا کاریان کردووە.

 

دەشڵێت: دوای گەڕانەوەمان بۆم دەرکەوت کە ناوم لەنێو ئەو  ژنە کرێکارانەی لە داواکاری گشتی لە بنغازی تۆمارکراوە و ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ خوێندنم بۆ ماستەر، بۆیە وازم لە کارکردن هێنا تا خوێندنەکەم تەواو کرد، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەرم، دووبارە گەڕامەوە سەر کارەکەم، و بە لەبەرچاوگرتنی سەختی کاری ڕۆژانە لە داواکاری گشتی، بەتایبەتی دوای هاوسەرگیریم و بوونی منداڵ، گواسترامەوە بۆ بەشی دادوەرەکان و لە ساڵی ٢٠٠٤ لەوێ دامەزرام، دوای ئەوە پلەکەم بەرزبووەوە تا بوومە ڕاوێژکار لە دادگای تێهەڵچوونەوەی بنغازی.

 

"تێزی ماستەرەکەی چەندین جار ڕەتکراوەتەوە"

لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، خوێندنی ماستەرەکەی لەسەر زیندانەکان بووە، یەکەم تێز بووە لە لیبیا کە باس لە بارودۆخی زیندانییەکان دەکات لەو کاتەدا هەرچەندە چەندین جار ڕەتکرایەوە، بەڵام لە کۆتاییدا وەرگیراوە و بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە تێزی دکتۆراکەی، سەبارەت بە سیاسەتی سزا و جێبەجێکردن بوو.

 

سەبارەت بە بوونی ژنان لە بواری دادوەریدا، ڕوونیکردەوە کە زۆربەی دادگاکانی لیبیا ئێستا لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن، چ لە دەسەڵاتی دادوەری یان داواکاری گشتی، لە دادگاکانی پلە یەک یان دادگای تێهەڵچوونەوە بێت، بە جۆرێک ٪٩٩ی ئەوانەی ئامادەی هۆڵەکانی دادگان ژنانن و زۆربەی دادگاکانی پلە یەک لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.

 

"ژنان دەتوانن ڕاستی ڕووداوەکان هەڵسەنگێنن"

جەختیشی لەوە کردەوە، ئەوەی لەبارەی سۆز و خۆشەویستی ژنان دەگوترێت، ڕاست نییە، کاتێک ئەرکی دادوەری و دادگاییکردنی دۆسیەی خەڵک لە ئەستۆ دەگریت، لەسەر بنەمای ئەوەی کە تۆ پیاویت یان ژنیت کار ناکەیت، بەڵکو زیاتر سەیری ڕاستی دەکەیت کە لەبەردەمتدایە تۆ هاوسەنگی دادپەروەری لە نێوان ستەمکار و ستەملێکراودا ڕادەگریت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت سزاکان ڕێگر بن، لە هەمان کاتدا جێبەجێ بکرێن، وتی: پێشتر کوشتن لە بنغازی بە ژمارەیەکی زۆر دەهاتنە لای ئێمە، کە ڕەنگە بگاتە ٢٠ یان ٣٠ دۆسیەی تاوانی کوشتن، بەڵام ئێستا ئەم تاوانانە کەمبوونەتەوە و نزیکە لە نەبوون، لە ئەنجامی دەستبەسەرداگرتنی چەک لەسەر شەقام و قەدەغەکردنی هەڵگرتنیان.

 

"جیاکاری ڕەگەزی نابێت لە شوێنی کاردا بکرێت"

ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر ژن بۆ دەسەڵاتی دادوەری دادەمەزرێنن، هەر لە سەرەتای کارەکەیەوە هیچ ناڕەزاییەکی بۆ کارەکانیان لە دەسەڵاتی دادوەریدا نەدۆزیوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی سەرۆکایەتیی ئەو دادگایانەی تیایدا هەیبووە لە سەرەتاوە کاریان کردووە لەنێو پیاوان ڕەگەزپەرست نەبوون، بەڵکو تێگەیشتوو بوون، وتی: هیوادارە ئیدارەی ژنان لە سەرۆکایەتی دادگا و فەرمانگەکانی داواکاری گشتی فراوانتر بێت.

 

فاتمە مەسری، لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە لە ماوەی درێژخایەنی کارکردنیدا، هیچکات هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاو لە شوێنی کاردا نەبووە و هەر مرۆڤێک بە کارەکەی جیا دەکرێتەوە و نەک لەسەر بنەمای ڕەگەزەکەی، کاری ڕاست و ڕاستگۆیانە تەنانەت تاوانبارانیش پێی ڕازیبوون، وە ڕازیبوون لەوەی کە لە دژی ئەوان سزا دراوە.