یەمەن، ٩٠٪ی ئاوارە ناوخۆییەکان ناتوانن پێداویستیەکانیان دەستەبەر بکەن

بە پێی ڕاپۆرتێکی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی ٩٠٪ی ئاوارە ناوخۆییەکانی یەمەن ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان، ئەمەش لە ئەنجامی دابەزینی توانای خۆگونجاندن و بەرگەگرتنی دوای نۆ ساڵ لە شەڕ دێت.

یەمەن

 

دانیشتوانی یەمەن ڕووبەڕووی مەترسیدارترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا دەبنەوە، دواین ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ٣١ی ئادار بڵاوی کردووەتەوە، نزیکەی ٩٠٪ی ئاوارە ناوخۆییەکانی یەمەن ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆراکی ڕۆژانەیان، ئەمەش لە ئەنجامی خراپتربوونی لاوازی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دابەزینی توانای خۆگونجاندن و بەرگەگرتن دێت لەو وڵاتەدا کە ماوەی ٩ ساڵە لە شەڕی بەردەوامدایە.

 

بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٣ لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵک لاوازە و تەنها ١١٪ی ئاوارەکان دەتوانن پێداویستییەکانی خۆراکی ڕۆژانەیان دابین بکەن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ٨٩٪ی ئاوارەکان ناتوانن ئەو خۆراکە دەستەبەر بکەن کە پێویستیانە، بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٣٦ هەزار و ٩١٣ خێزانی ئاوارە، کە نزیکەی ٨٢٠ هەزار و ٤٤٠ کەس دەبن، ٪٧٠یان خۆراکی کوالیتی یان تێچووی کەمتر دەکڕن، ٪٥٢.٧ قەبارەی ژەمەکان کەم دەکەنەوە و ٪٤٨.٢ ڕۆژانە ژمارەیان کەم دەبێتەوە، ئەمەش وا دەکات هاوکاری مرۆیی، لەوانەش خۆراک و پارە پشتیوانییەکی گرنگ بۆ زۆربەی ئاوارەکان دابین بکات.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا پشتڕاست کراوەتەوە، ٤٨.٦٪ی خێزانەکان هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە، ٤١.٥٪ی خێزانەکان بە داهاتی مانگانە کەمتر لە ٥٠ دۆلار دەژین، لە ئەنجامی ئەم بارودۆخە سەختانە، ئاوارەکان بەردەوام لە خەباتدان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان و پەنا بۆ ڕێگەی زیانبەخش لە گونجاندن بۆ دەستەبەرکردنی ژیانیان دەبەن.

 

جگە لەوەش زۆرێک ناچارن سەروەت و سامانی بەرهەمدار بە ڕێژەی ١٠.٨٪ بفرۆشن، هەروەها ١١.٩٪ی منداڵان لە سیستەمی خوێندن وازیان هێناوە و ڕووبەڕووی کارکردنی منداڵان، گواستنەوە بۆ ناوەندەکانی کار، هاوسەرگیری پێشوەختە و گواستنەوە بۆ شوێنی داڵدەدانی کوالێتی نزم دەبنەوە.