کارگوزارانی نەخۆشخانەی هەڵەبجە دژی پێنەدانی مووچە گردبوونەوە
ئەمڕۆ کارگوزارانی نەخۆشخانەی شاری هەڵەبجە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە گردبوونەوە و داوا دەکەن کە مووچەکانیان بدرێت.
هەڵەبجە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە، بەشێک لە کارگوزارانی نەخۆشخانەی هەڵەبجە لە بەردەم بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە گردبوونەوە و داوایانکرد، یەکێک لە مافە ڕەواکانی خۆیان کە مانگی مووچەیەکە، پێیان بدرێت.
جێی ئاماژەیە ماوەی سێ مانگە مووچەخۆران و کارمەندانی تەندروستی تەنها یەک مووچەیان پێدراوە، نازەنین مەحمود، یەکێکە لە کارمەندانی کارگوزار لە نەخۆشخانەی گشتی هەڵەبجە وتی: ئێمە ماوەی سێ مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە، ئێمە گردبووینەتەوە بۆ بژێوی ژیانمان و ناچارین ئەم کارە بکەین، هەرچەندە مووچەمان کەمیشە، بەڵام گوێ نادەینێ و دەڵێین با پێویستمان بە دەستی کەس نەبێت.
نازەنین مەحمود وتیشی: ئێمە بە مووچە کەمەکەشمان ڕازین، بەڵام ئەوان مووچەکەمان پێنادەن، ئێمە تەنانەت ڕۆژانی شەممە و یەک شەممەش کار دەکەین و بەردەوامین لە کاری خۆمان.
ژمارەی کارمەندانی کارگوزاری تەندروستی ١٦٨ کارمەندە کە زۆرینەیان ژنن، بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو مووچەیەیە، کە ماوەی سێ مانگە وەرنەگیراوە و داواکارن بە زووترین کات داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت.