ئامینە شەنیاشار داوا لە هەموو دایکان دەکات پشتیوانی بکەن لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەری

ئامینە شەنیاشار ​​کە بەردەوامە لە ئێشکگری لەبەردەم وەزارەتی دادی تورکیا، ئاماژەی بە کارە نایاساییەکانی دادگا دەکات و دەڵێت: پێویستە هەموو دایکان پشتیوانم بکەن و بە تەنیا جێمان نەهێڵن.

ئەنقەرە

 

ئێشکگری دادپەروەری ئامینە شەنیاشار، کە هاوژینەکەی و دوو کوڕەکەی لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لەلایەن پاسەوانان و کەسوکاری ئیبراهیم خەلیل یەڵدزی پەرلەمانتاری ئاکەپەوە لە ناوچەی پرسوسی ڕەحا کۆمەڵکوژکران، لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی، کە بە برینداری ڕزگاری بوو، لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ لە بەردەم دادگای ڕەحا دەستیپێکرد، سەرەڕای فشار و ئاستەنگەکان، ئەو دایکە ڕانەوەستاوە لە داواکردنی دادپەروەری.

 

ڕۆژی ١ی ئابی ٢٠٢٣ ئامینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشار ناڕەزایەتییەکانیان لە شاری ڕەحا-ئورفاوە بۆ ئەنقەرە گواستەوە، بەو ئامانجەی لە بەردەوام وەزارەتی داد درێژە بە ئێشکگرییەکەیان بدەن، بەڵام ڕێگری لە بنەماڵەی شەنیاشار کرا و داواکارییەکەشیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری داد ڕەتکرایەوە و ڕێگەیان پێنەدرا بچنە ناو بینای وەزارەتەکە.

 

ئامینە شەنیاشار لە بەردەم وەزارەتی داد لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، بە یاوەری کوڕەکەی، فەرید شەنیاشار، بە هەڵگرتنی لافیتەیەک کە لەسەری نووسراوە “دادپەروەری” درێژە بە ناڕەزایەتییەکەی دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە ناڕەزایەتییەکەی تا ئەو کاتەی کوڕەکەی فازل شەنیاشار ئازاد دەکرێت ، و داوای لە هەموو دایکان کرد پشتگیری بکەن.

 

دوێنێ دووشەممە ١٨ی ئاداریش، ئامینە شەنشار ڕایگەیاند کە چووەتە مەلاتیا بۆ بەردەم دادگا و وتی: شتێک نییە بە ناوی دادگا، لە هەموو دانیشتنێکدا دادوەر و داواکاری گشتی جیاواز دەهێنن، لە کاتێکدا کوڕەکەم لە زینداندایە، ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە لە دەرەوە دەسووڕێنەوە.