سزای زیندانیکردنی شەبنەم کۆرور فینجانچی پشتڕاستکرایەوە

سزای ٢ ساڵ و ٨ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانیکردنی شەبنەم کۆرور فینجانچی لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە پەسەند کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

دووەمین دادگای بەشی تاوانی هەرێمی ئەستەنبوڵ سەبارەت بە سزای ٢ ساڵ و ٨ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی، کە لەلایەن دادگای تاوانە قورسەکانی ٤ی ئەستەنبوڵەوە بەسەر شەبنەم کۆرور فینجانچی، سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی سەندیکای پزیشکانی تورکیا-TTB بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە ڕێکخراودا" سەپێندرا، پشتڕاست کردەوە.

 

لە کاتێکدا شەبنەم کۆرور فینجانچی سکاڵای لە دژی بڕیارەکە کرد، دادگای تێهەڵچوونەوە، سەبارەت بە بنەما و شێوازی دادگاییەکە، بڕیاریدا کە هیچ کەموکورتییەک لە بەڵگەنامەکاندا نییە و ڕایگەیاند، کە هەڵسەنگاندنەکە لە ڕووی بەڵگەوە ڕاستە و لە بنەڕەتدا تانەدانەکە ڕەتکرایەوە.

 

چی ڕوویدا؟

شەبنەم کۆرور فینجانچی، سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی پزیشکانی تورکیا، بەهۆی هەڵسەنگاندنە زانستییەکانی سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگای تورکیاوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا، دواتر لە ماڵەکەی خۆی لە ئەستەنبوڵ دەستبەسەر کرا و لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لەلایەن دادگای دادوەری ئەنقەرە دەستگیر کرا.

 

لە تۆمەتەکەدا کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سەرۆکی داواکاری گشتی کۆماری ئەنقەرە ئەنجامدراوە، داوای سزای زیندانیکردنی ساڵێک و ٦ مانگ تا ٧ ساڵ و ٦ مانگ بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ڕێکخراوەکە" کرا، دادگای تاوانە قورسەکانی چوارەمی ئەنقەرە بڕیارێکی نهێنی دا و دۆسیەکەی ڕەوانەی ئەستەنبوڵ کرد، بەهۆی ئەوەی شەبنەم کۆرور فینجانچی لە ئەستەنبوڵ نیشتەجێیە.

 

٢٤ەمین دادگای تاوانە قورسەکان کە بەدواداچوون بۆ دادگاییکردنەکە دەکات، بە تاوانی "پڕوپاگەندەی ڕێکخراوەکە" سزای ٢ ساڵ و ٨ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند و دواتر چوارچێوەی دەستگیرکردنەوەی لەبەرچاو گیرا و ئازاد کرا.