ئینتەرناسیۆنالانی یەپەژە داوا لە ژنانی جیهان دەکات تێکۆشان بکەن

ئینتەرناسیۆنالانی یەپەژە، بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و داوای کرد، خەباتی ژنان بەردەوام بێت لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی کوشتنی ڕۆژانەی ژناندا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئینتەرناسیۆنالانی یەپەژە، بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لە دڵی شۆڕشی ژنانەوە و لە ناوچە ئازادکراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە سڵاوتان لێدەکەین، ئێمە وەک ژنانی ئینتەرناسیۆنال هاتووین بۆ ئێرە بۆ ئەوەی خەون و تۆوی ئەم شۆڕشە ببەین و لە وڵاتەکەمان بیچێنین. لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕووناکی خەبات و بەهێزی ڕێکخراوێک کە دەیەوێت ژیان ئاوەدان بکاتەوە، لە ڕۆژئاوای کوردستان کە یەکێکە لەو ناوچانەی دڕندانەترین هێز ئەویش داعش بوو، تێکشکێندرا و بووە لەدایکبوونی هەزاران ژنی تێکۆشەر و شەهید بوونی چەندین ژن، شۆڕش دەکەین.

 

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی ئەو ژنانەی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا تێدەکۆشن و خەبات دەکەن ڕوو لە زیادبوونە، توندوتیژییەکان بۆ ژنان لە هەر کوێ بن وەک یەکە، بۆیە ئێمە خەبات دەکەین لەپێناو کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان و توندوتیژی شتێکە لە هیچ دۆخێکدا قبولکراو نییە"

 

"ئەم شۆڕشە بوون و خۆبوونە"

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، جەستەی هەموو ژنێک هەر لە دەستلێدانێکەوە تا توندوتیژی سێکسی هەمووی توندوتیژییە بۆسەر ژنان و ئامانج لێی کۆنتڕۆڵکردنی ژنانە، هەمیشە ژنان وێنا دەکرێن بەوەی هۆکاری هەموو خراپەکارییەکانن، هەر بۆیە هەموو جۆرە توندوتیژیەک و کوشتنێک ڕێگەپێدراوە بۆیانم تەنانەت وشەکان دەبنە هەڕەشە و بچوکترین دەست لێدان دەبێتە سووکایەتی و هاوڕێیەتی دەبێتە موزایەدە و بەناو خۆشەویستی ئێستا دەبێتە بکوژی ژنان، هەر بۆیە شۆڕشی ڕۆژئاوا لەو کوشتنانەوە سەری هەڵدا و مامەڵە لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی ستەم و پیاوسالاری دەکات.

 

"ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین، شەڕ دەکەین و تێدەکۆشین"

بڕیارماندا شەڕ شان بە شانی ژنانی ڕۆژئاوا بکەین، شەڕی ڕۆژئاوا تەنیا بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە لە ڕۆژئاوا بەڕێوە ناچێت، لە هەمووی زیاتر شەڕی ئەو عەقڵیەتە بکوژە دەکات کە لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، ژنانی ئێرە بڕیاریاندا خۆیان بەڕێکخستن بکەن و تێکۆشان بکەن و هێزی تایبەت بە خۆیان هەبێت، جگە لەوە ژنان بڕیاریان داوە لە ڕووی سەربازی و ئایدۆلۆژی و سیاسییەوە بەرگری لە خۆیان بکەن و مێژووی خۆیان بنوسنەوە.

 

ئەم بەرخۆدانەی ژنانە لە ڕۆژئاوای کوردستان وایکردووە دەنگی ژنی ئازاد لە ڕۆژئاوا و لە سەرانسەری جیهان دەنگبداتەوە، ژنانیش هەمووی شوێن ئەو دەنگە ئازادە کەوتوون و چیتر ئامادە نین بنێژرێن، بچەوسێندرێینەوە، دەستدرێژیمان بکرێتە سەر، بفرۆشرێین، ئەشکەنجە بدرێین، دەستگیر بکرێین و بکوژرێین.

 

هەر بۆیە خۆمان ڕێکدەخەین، بەرگری لە خۆمان دەکەین و شەڕ دەکەین، تێکۆشان دەکەین، بۆئەوەی بتوانین بکوژەکان بوەستێنین، کۆتایی بەو عەقڵیەتە بهێنین، لەسەر شوێنپێی هەموو ئەو ژنانەین کە سەریان بەرزکردەوە دژی دەسەڵات و پیاوسالاری، یەکگرتوو بوون و ئەمڕۆ خەبات دەکەن.

 

دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و داگیرکارییەک، ژنان، ئازادی ژیان".