هێرۆ باجەلان دەبێتە باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر

هێرۆ باجەلان، کە خۆی خەڵکی شاری هەولێرە، وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە وڵاتی میسر دەستنیشانکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرۆ مستەفا باجەڵان، لەدایكبووی ساڵی ١٩٧٣ شاری هەولێرە، لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەكەی بەرەو ئەمریكا كۆچیان كردووە، خوێندنی لە زانكۆی جۆرج تاون لە واشنتن خوێندووە و ماستەری لە زانستە سیاسیەكانی لە زانكۆی پرنستن لە نیو جێرسی تەواوكردووە.

 

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە میسر لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵای كردەوە، ئەمڕۆ هێرۆ مستەفا، وەك باڵیۆزی نوێی ئەمریكا لە میسر سوێندی یاسایی خوارد و دەست بەكاردەبێت،  هێرۆ پەیوەندییە ستراتیژییە دوو قۆڵییەكان و هەوڵە هاوبەشەكانمان بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەكەدا بەهێزتر دەكات.

 

لە ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٣ هێرۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمریكای لە بولگاریا هەبووە، هەروەها جێگری سەرۆكی نوێنەرایەتی ئەمریكای لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە لیشبۆنەی پورتوگال هەبووە و ڕاوێژكاری سیاسی وەزیر بووە لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان.

 

هێرۆ مستەفا چەندین پۆستی دیكە هەبووە لەوانە، لە نووسینگەی جێگری سەرۆك كۆماری ئەمریكا لە بابەتەكانی پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا كاری كردووە، هەروەها وەك سەرۆكی ڕێكخەری مەدەنی ئەمریكا لە مووسڵ و ئەفسەری كونسوڵخانە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان و ئەفسەری سیاسی لە ئەسینای پایتەختی یۆنان كاری كردووە.