"بەردەوامی هێرشەکان ڕێگرە لە گەیاندنی هاوکاریی بە نزیکەی ٣٠٠ هەزار ئاوارەی فەڵەستینی"

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە باکووری کەرتی غەززە، ڕێگرن لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە نزیکەی ٣٠٠ هەزار ئاوارەی فەڵەستینی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیاندراوێکدا ناوەندی هەماهەنگی هاوکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل لە باکووری کەرتی غەززە، ڕێگریی دەکات لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە نزیکەی ٣٠٠ هەزار ئاوارەی فەڵەستینی.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لە باکووری کەرتی غەززە بە بەراورد بە بەشەکانی دیکەی کەرتی غەززە بە شێوەیەکی بەرچاو وێران بووە و ژیانی تێدا نەماوە.، هەروەها پاش لەکارکەوتنی تاکە نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە کەرتی غەززە، ٧٠ توشبووی شێرپەنجە گیانیان لەدەستداوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، كۆی دانیشتووانی غەززە کە دەکاتە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار كەس هاوكاری مرۆییان پێویستە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو هاوكارییە مرۆییانەی كەرتی غەززە تا كۆتایی ئەمساڵ، یەك ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە، هەروەها تادێت دۆخەكە خراپتر دەبێت.

 

لە ماوەى دوو هەفتەى ڕابردوودا نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەندرێنە کەرتى غەززە، بەڵام بەشێک لە هاوکارییەکان گەیەندراونەتە ئەو شارە لە ڕێی دەروازەی ڕەفعە لە میسرەوە، بەشەکەى تر بەهۆی بۆردوومانەکانى ئیسرائیلەوە ناتواندرێت بگەیەنرێت.