٢٣ ساڵە بڕیاری ١٣٢٥ی تایبەت بە ژن، ئاشتی و ئاسایش دراوە
٢٣ ساڵ بەسەر بڕیاری ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان تێدەپەڕێت کە تایبەتە بە ژنان، ئاشتی و ئاسایش، بەڵام تا ئێستاش ژنان لە زۆر وڵاتەوە داوای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی ئاسایش لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٠ بڕیارننامەی ١٣٢٥ی سەبارەت بە ژنان، ئاشتی و ئاسایش پەسەند کرد، بڕیارەکە جەخت لە ڕۆڵی گرنگی ژنان دەکاتەوە لە ڕێگریکردن، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، دانوستانەکانی ئاشتی، بنیادنانی ئاشتی، وەڵامدانەوەی مرۆیی و بنیادنانەوەی دوای ململانێ، هەروەها جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگی بەشداریکردنی یەکسان و بەشداریکردنی تەواویان لە هەموو هەوڵەکان بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایش.
بڕیارەکە داوا دەکات بەشداری ژنان زیاد بکرێت و تێڕوانینی ڕەگەزی لە هەموو هەوڵەکانی ئاشتی و ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تێکەڵ بکەن، هەروەها داوا لە هەموو لایەنەکانی ململانێ دەکات ڕێوشوێنی تایبەت بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز، بەتایبەتی دەستدرێژی سێکسی و شێوەکانی تری دەستدرێژی لە بارودۆخی ململانێی چەکداریدا.
ئەمە کەیەکەمین بڕیارە لەسەر ئاستی جیهان ئەنجومەنی ئاسایش دەریکردووەو ئامانج لێی پەیوەستکردنی ئەزموونی ژنانە بەململانێ سەربازییەکانەوەو پاراستنی ئاشتی تیایدا، نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەسەر دوو بنەما دەکاتەوە لەدەرچواندنی ئەم بریارەدا.
- قەڵاچۆکردنی گێچەڵی سێکسی لەکاتی ململانێی سەربازییدا.
- بەشداریپێکردنی زیاتری ژنان لەدامەزراوە سیاسییەکان و پرسی ئاشتیدا.
لەساڵی ٢٠١٦دا ٦٣ وڵات ئەم پلانەیان پەسەند کردووە، ئەم هەوڵەش لەپێناوی دەستەبەرکردنی مافی ژناندایە لەچوارچیوەی ئەم پلانەدا، کەداواکراوە بڕیاری ١٣٢٥ جێبەجێ بکرێت.
هەروەها لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی لە ململانێدا لە هەولێری باشووری كوردستان، ئەنجوومەنى باڵاى خانمانى کوردستان و ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە بڕیارى ١٣٢٥ى ڕێککەوتنامەکانى ژنان، ئاشتی و ئاسایش كۆبوونەوە، ئامانج لێی ئەوەبوو ژنان لە باشووری كوردستاندا ژیانیان پارێزراو بێت.
هەرچەندە ٢٣ ساڵە ئەو بڕیارە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دراوە، بەڵام لە زۆربەی وڵاتان ژنان هێشتا بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە خۆپیشاندان دەکەن و تەنها داواکارییان دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئاشتییە لە وڵاتەکانیاندا.