٣٢ کەس بەهۆی شەڕ و پێکدادان لە سودان گیانیان لەدەستدا

شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە و تۆپبارانی یەکتر لە شاری ئۆمدورمان دەکرێت، بەوهۆیەوە، تا ئێستا ٣٢ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ململانێکان لە سودان لە ١٥ی نیسانەوە دەستیپێکرد و تا ئێستا نزیکەی پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئاوارەبوون.

 

گروپی پارێزەرانی فریاگوزاری کە چالاکوانن لە سودان، دوێنێ  لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، بەهۆی تۆپبارانی تۆپخانەی سوپای سودان بۆ سەر گەڕەکی ئومبادا لە ڕۆژئاوای شاری ئۆمدورمان لانیکەم ٣٢ هاوڵاتی مەدەنی کوژران و دەیان کەسیش برینداربوون، ئەمەش لە هەوڵێکی سوپای سودان بۆ بڕینی ڕێگا سەرەکییەکانی دابینکردنی پێداویستییەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بووە.

 

پارێزەرانی فریاگوزاری ئاماژەیان بەوە کرد، کە بەکارهێنانی تۆپخانەی قورس و سووک لە ناوچە دانیشتووەکاندا تاوانی جەنگە و ڕەنگدانەوەی بێبایەخکردنە بە ژیانیان، جەختیشیان لەوە کردەوە کە "ئەم تاوانانە و پێشێلکردنی مافەکان بەبێ لێپرسینەوە تێناپەڕێت".

 

چالاکوانانی مافی مرۆڤ ئاشکرایان کرد، سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا مووشەک ئاراستەی ناوچەی دانیشتووان دەکەن و بە سەدان کەسی مەدەنی دەبنە قوربانی و لە ڕێگەی مووشەک و تۆپبارانی تۆپخانە و تاڵانکردن و داگیرکردنی گەڕەکە مەدەنییەکان زیانی زۆر بە ماڵەکان دەگەیەنن .

 

شەڕ و پێکدادانەکان لە خەرتوم لە گەڕەکە چڕ و پڕ دانیشتووەکاندا ناوەند بووە و بە ملیۆنان لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە ماوەی پێنج مانگە لە ژێر کاریگەری بڕینی ئاو و کارەبا دەژین و خۆیان لە ماڵەکاندا حەشارداوە لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی خۆیان لە تێکهەڵچوونە بەردەوامەکان و تۆپبارانی یەکتر.

 

بە وتەی پزیشکان، یەکشەممەی ڕابردوو، لە ئۆمدورمان، بەهۆی پێکدادان و تۆپبارانەوە، پێنج هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا، کە گوللـە بەسەر ماڵەکانیاندا کەوتووە، لە تۆمبارانێکی دیکەدا، ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا کە لەنێویاندا دوو منداڵ هەبوون، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر گەڕەکێکی نیشتەجێبوون لە باشووری خەرتوم، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانەکەی ئاوارە بوون.