ئەشکەوتێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لێواری لەناوچووندایە

بۆ تۆمارکردنی ئەشکەوتی کرفتۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لیستی جیهانی، پێویستە ڕووبەری سێ هەزار مەتری ئەم ئەشکەوتە بپارێزرێت، بەڵام ئێستا بینایەک بە دووری ٨٠٠ مەتر لەناو ناوچەی ئەشکەوتەکەدا دروستکراوە.

ئاگرین حوسێنی

 

دیواندەرە- کرفتۆ یەکێکە لە ناسنامە سەرەکییە کۆنەکانی مادەکان و پەرستگای هێراکلیس "هێرکۆلیس" ساڵانێکی زۆرە چاوەڕێی تۆمارکردنی جیهانییە، ئاواتێک کە لەگەڵ ئەم دۆخەدا نایەتە دی!

 

 لە کاتێکدا مەرجی تۆمارکردنی لە لیستی جیهانی بریتییە لە پاراستنی تایبەتمەندی جیاکەرەوەئ لە بیناسازییەکانی ئێستا و جێبەجێکردنی ستانداردە پەسەندکراوەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام هەر کە هەواڵی تۆمارکردنی جیهانی کرفتۆ بڵاو بووەوە، کەسانی ناو حکومەت دەستیان کرد بە هەوڵدان بۆ کڕین، ڕادەستکردنی زەوی و دروستکردنی دامەزراوەی بەرهەمهێنان لەم ناوچەیە.

 

مۆڵەتی چەند یەکەیەکی بەرهەمهێنان بۆ پاکەتکردنی بەرهەمی فاسۆڵیا دەرچووە و سەرەڕای ئەوەی ئەم ئەشکەوتە لە نێو شوێنەوارە دێرینەکانی دیواندەرە تۆمار کراوە، بەڵام مۆڵەتی دروستکردنی چەند یەکەیەکی پیشەسازی و بازرگانی تایبەت بە بەرهەمی فاسۆڵیا لەلایەن شاری تەکابەوە واژۆ کراوە و ئەمەش ئامانجێکی ڕێکخراوە بۆ لەناوبردنی ئەم شوێنەوارە جیهانییە.

 

ئەم کارە نموونەیەکی هەنگاوە وێرانکارییەکانی ڕژێمی ئێرانە، کە تێیدا شوێنەوارە مێژووی و کەلەپوورییە گرنگەکانی ناوچەکە لە ناودەبەن.

 

مێژووی ئەشکەوتی کرفتۆ

کرفتۆ، یەکێکە لە ئەشکەوتە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای سنە کە بە دووری ٦٧ کیلۆمەتر لە شاری دیواندەرە، و ل دووری ٧ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی سەققزەوە هەڵکەوتووە.

 

ئەشکەوتی کرفتۆ پێکهاتووە لە دوو بەشی سروشتی و دروستکراوی مرۆڤ "کارە تەلارسازییە بەردینەکان" و ئێستا لە چوار نهۆمی جیاواز پێکهاتووە، ئەم ئەشکەوتە دەکەوێتە ناو سنگی زنجیرە چیایەکی بەردین و لە باکووری دۆڵێکی قووڵ.

 

ئەم ئەشکەوتە شوێنێکی سەلامەت بووە بۆ ژیانی مرۆڤ لە سەردەمە جیاوازەکان، ئەم ئەشکەوتە درێژییەکەی نزیکەی ٧٥٠ مەتر دەبێت، لە ڕووی پێکهاتەی تەلارسازیەوە ناوازەیە و بەجۆرێکە کە بەرزی دەرگای چوونە ژوورەوەی لە لوتکەی گردەکەوە دەگاتە زیاتر لە ٢٥ مەتر، ئەمەش ڕێگەیەکی زۆر قورس و سەخت بووە بۆ چوونە ژوورەوەی لە ڕابردوودا.

 

بەپێی لێکۆڵینەوە شوێنەوارییەکان، ڕەنگە ئەم ئەشکەوتە لە کۆتایی هەزارەی پێنجەمی پێش زایین تا هەزارەی چوارەمی پێش زایین بەکارهاتبێت، لە سەردەمی سلوکی بەدواوە، واتە لە سەردەمی ئەشکانی، ساسانی و ئیسلامیشدا بۆ نیشتەجێبوون بەکارهاتووە.

 

گەیشتن بەم ئەشکەوتە لە ڕێگای گوندی میر سەعید سەقز، مەسعود ئاباد یان تورکان بەلاغ دیواندەرە، دوو ڕێگای تەکاب گوربابا عەلی و ڕێگای خاکی گوندی عەلی ئاباد دەکرێت.

 

لەسەر دەرگای یەکێک لە ژوورەکانی نهۆمی سێیەمی ئەم ئەشکەوتە نووسراوێکی یۆنانی هەیە، کە ئەم ئەشکەوتە بە پەرستگای "هێراکلیس" باسکراوە، لە تەلارسازی ئەم ئەشکەوتەدا، جگە لە دروستکردنی ژوور و ڕاڕەو، هەوڵی بەستنەوەی ژوورەکان بەیەکەوە دراوە، لە هەندێک ژووردا نەخشی شێوەی ئاژەڵ، مرۆڤ و ڕووەک لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە هەڵکەندراوە.

 

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە فەرمی داننانێن بە مێژووی ئێرانی پێش ئیسلامی و ئاماژەی بۆ ناکەن و بە بەشێک لە مێژوویی نازانن کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارە میراتی ئەم بەشەی مێژوو لەبیر کرا و بە تێپەڕبوونی کات بەرەو لەناو دەچێت.

 

زۆرینەی وەبەرهێنان لە پاراستنی میراتی ڕۆشنبیری لەسەر مزگەوت و شوێنە ئاینییەکانە نەک پەرستگا، ئەشکەوت، کۆشک و پرد و باڵەخانە مێژووییەکانی دیکە، لەکاتێکدا گرنگی پێنەدان باشترین سیاسەت بۆ لەناوبردنی بەشێک لە میراتی ڕۆشنبیری، کە هۆکاری لەناوبردنی وردە وردە و لەبیرچوونەوەیەتی.

 

نموونەیەکی سەرنجڕاکێش لەم ڕووەوە ئەشکەوتی کرفتۆیە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئیسلام، هەر بۆیە پشتگوێخراوە و گرنگی پێنادرێت و بەرەو لەناوچوون دەچێت.