تاڵیبان "ڕێگای مەرگ"ی لە پارێزگای مەیدان وەرداک دروستکردووە

بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی مەیدان وەرداک، ڕێگای هاتوچۆی زۆرێک لە پارێزگاکانە بەرەو کابول، لە سەردەمی حوکمڕانی کارزای و غەنیشدا، ئەو ڕێگایە لەسەر ڕێگای گشتی بووە کە بە پارێزگای بامیانەوە بەستراوەتەوە، لەو کاتەدا پێی دەگوترا "رێگای مەرگ".

بەهاران لاهیب

 

مەیدان وەرداک- پارێزگای مەیدان وەرداک دەکەوێتە ناوەندی ئەفغانستان، وەک زۆرینەی پارێزگاکان، خەڵکی پشتون و تاجیک و هەزارە تێیدا دەژین، چەندین کان لەم پارێزگایەدا هەن، بەناوبانگترینیان کانی کرۆمیت و مەڕمەڕە، کە دەکەوێتە چەند شوێنێکی جیاوازی پارێزگاکە، لە ماوەی ٢٠ ساڵی حوکمڕانی حکومەتی گەندەڵ و دەستوەردراوی ئەمریکا مەیدان وەرداک بە یەکێک لە پارێزگاکانی شەڕ دادەنرا، کە شەڕ لە نێوان هێزە سەربازییەکانی حکومەت و تاڵیباندا بەردەوام هەبووە.

 

لە ماوەی بوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان، یەکێک لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی لەم پارێزگایەدا بوو، کە وەها دەردەکەوێت ئەفغانییەکان مەشقی سەربازییان تیادا وەرگرتووە، کاتێک دەچیتە ناو پارێزگاکە، هەژاری و بێکاری و بێسەرپەرشتی، خەم و پەژارەی لەدەستدانی ئازیزان لە ڕووخساری دانیشتوانەکەیدا دەردەکەوێت، لە هەر هەنگاوێکی ڕێگای گشتیدا شوێنەواری تەقینەوە دەبینرێت و هەموو پرد و ڕێگەکان نیشانەی لەناوچوونیان بەهۆی بۆردوومانەکانی تاڵیبانەوە پێوە دیارە، ماوەیەکی زۆرە تاڵیبان هەوڵی ئەوە دەدات خەڵکی ئەم پارێزگایە بە نەخوێندەوار بهێڵێتەوە، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە پشتونی تێدایە، بۆ ئەوەی بتوانن هێزی مرۆیی خۆیان بۆ پێکهێنانی میلیشیاکانیان بەکاربهێنن.

 

بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافیای ئەم پارێزگایە، زۆرێک لە پارێزگاکانی تر لەم ڕێگایەدا بۆ کابول تێدەپەڕن، لە سەردەمی حکومەتی کارزای و غانیدا، ئەو ڕێگایە لەسەر ڕێگای گشتی بووە، کە بە پارێزگای بامیانەوە بەستراوەتەوە، لەو کاتەدا پێی دەگوترا "رێگای مەرگ"، چونکە یەکێک لە پردەکانی دەکەوێتە نێوان دوو گرد، لەسەر لوتکەی ئەو پردە تاڵیبان لە بۆسەدا دادەنیشت، کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی فەرمانبەرانی سەربازی یان مەدەنی و فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی تیادا بووایە، بۆ ماوەی یەک دوو ڕۆژ لەلایەن تاڵیبانەوە بە دیل دەهێڵدرانەوە، دوای ئەشکەنجەدان جەستەیان دەبڕین و تەرمی بێ سەریان دەخستنە سەر ڕێگا گشتییەکە، تاڵیبان دەیوت، "بۆ ئەوەی ببێتە وانەیەک بۆ ئەوانی دیکە" ئەمن کارە دەکەن، تا ئێستاش، ئەو خەڵکەی جاران جارجارە ئەم ڕێگایەیان بەکاردەهێنا بۆ هاتوچۆ، گێڕانەوەی زۆریان لەسەر تاوانەکانی تاڵیبان هەیە، کە بە ئازار و خەمناکن و ئاگری تۆڵەسەندنەوەش لە چاوی هەموواندا دەسووتێت، چونکە گەنجێکی زۆر لەسەر ئەم ڕێگایە لەلایەن تاڵیبانەوە کوژراون.