پاک کردنەوەی سەیرانگای سەردەشت بە یادی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت

لە ٣٦هەمین ساڵیادی کیمیابارانی شاری سەردەشت، چالاکانی مەدەنی و شاخەوانانی شارەکە بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی ئەو تاوانە، چالاکیی پاک کردنەوەی ژینگەیان ئەنجامدا.

ڕۆژین قادری

 

سەردەشت- ٢٦ی حوزەیران، لە ٣٦ەمین ساڵیادی کیمیابارانی شاری سەردەشت، چالاکانی مەدەنی و شاخەوانانی شارەکە، بە هاوکاری لەگەڵ گروپە ژینگەپارێزی و فەرهەنگییەکان، سەیرانگای بێوران، کە شوێنێکی جوان و گەشتیارییە لە سەردەشت و ناوچەکانی دەوروبەرییان پاک کردەوە، ئەم چالاکییە بە ئامانجی ڕێزگرتن و یادکردنەوەی قوربانیانی کیمیابارانی شاری سەردەشت ئەنجامدرا.

 

شاری سەردەشت یەکێکە لە پارێزگاکانی ورمێ و شارۆچکەیەکی سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانە، ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٨٧ لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی بەعسی عێراقییەکانەوە کیمیاباران کرا و گازی سارین بەکارهێنرا، کە بەهۆیەوە سەدان کەس کوژران و هەزاران کەسیش بریندار بوون.

 

جگە لە بەهای ئیکۆلۆژی و ژینگەیی، چالاکیی پاک کردنەوەی ژینگە لە هاوینەهەواری بێوران، هێمای خۆڕاگری و وەستانی خەڵکە لە دژی شەڕی هێرشی کیمیایی و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نامرۆڤانە.

 

بۆردومان و کیمیاباران کاریگەری نەرێنی لە ژینگە دەکات

چالاکوانانی مەدەنی و شاخەوانانی سەردەشت بەم پاک کردنەوەی ژینگەیە، نیشانیان دا کە سەرەڕای زیانەکانی کیمیاباران، هێشتا پابەندن بە ژینگە و باشترکردنی، شیلان (ناوی خوازراو)، یەکێک لە چالاکانی مەدەنی شارەکە، سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی کیمیاباران گوتی: "کیمیابارانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لەوانەش سەردەشت، هەڵبجە، کرماشان، دەرسیم و هتد لە ڕابردوودا، لە ئێستاشدا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا کاریگەری نەرێنی جددی لەسەر ژینگە دروست دەکات.

 

هەروەها وتیشی: ئەم جۆرە کیمیابارانە جگە لەوەی زیانی گیانی و برینداربوونی جەستەیی بۆ مرۆڤەکان دەگەیەنێت، دەبێتە هۆی پیسبوونی توندی هەوا و ئاو و خاک، گازە ژەهراویەکان لە هێرشی کیمیاییدا دەبنە هۆی مردن و زیانگەیاندن بە ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەم کاریگەرییە ژینگەییانە دەبنە هۆی لەناوچوونی ئیکۆسیستەمەکان و کەمبوونەوەی جۆراوجۆری زیندوو و لەدەستدانی سەرچاوە سروشتییەکان و لەناوچوونی سووڕی ژیانی زیندەوەران لە ناوچەی هێرشکراودا.

 

ئەو ژینگەپارێزە وتیشی: جگە لەوەش پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان کاریگەریی قووڵی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و گیانلەبەرە کێوییەکانیش هەیە، لە ئەنجامدا هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر ژینگە دەبێتە هۆی زیانێکی درێژخایەن و لەناوبردنی ژینگە، ئەمەش پێویستی بە کات و هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ گەڕاندنەوەی سروشتی ژینگەکە بۆ باری تەندروستی خۆی.