ژنان لە هێرشەکان تووڕەن: ڕێکخراوبوونی ژنان وەڵامە

بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ژنان، کۆنگرەی ستاری کانتۆنی قامیشلۆ ڕێپێوانێکی ڕێکخست و ئاماژەی بەوەکرد، ژنان هەمیشە دەستکەوتی گەورە بەدەستدەهێنن لە پێناوی ئازادی هەموو ژناندا.

قامیشلۆ

 

دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر سیستم و ژیانی ژنان، هەروەها بۆ ڕێزگرتن لە بەهاکانی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنگرەی ستاری کانتۆنی قامیشلۆ ڕێپێوانێکی بەکۆمەڵی ڕێکخست، ڕێپێوانەکە بە دروشمی "ڕێکخراوبوونی ژنان وەڵامدانەوەی هێرشەکانی داگیرکەرانە" دەستیپێکرد و لە بازنەی شەهیدانی نێودەوڵەتییەوە تا گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان بەردەوام بوو.

 

لە میانەی ڕێپێوانەکەدا کە ئەندامانی ڕێکخراوەکان و دەزگاکانی ژنان ئامادەی بوون، وێنەی ئەو ژنە پێشەنگانە بەرزکرایەوە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا کراونەتە ئامانج، ژنان هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکان دەربڕی، دوای خولەکێک ڕێزگرتن لە تێکۆشەرانی ئازادی، شاها خەلیل، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستاری کانتۆنی قامیشلۆ قسەی کرد.

 

"هیچ هێزێک ناتوانێت ژنان لە دۆزو تێکۆشان بگەڕێنێتەوە"

شاها خەلیل ئیدانەی هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورکیای کرد کە سیستمی ژنان و بەهاکانی کردە ئامانج و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کۆبوونەوە و هەڵوێستی ژنان لەم ڕێپێوانە جەماوەرییەدا هاوسۆزییمان بە دوژمنان نیشان دەدات، ژنان هەڵوێستێکی بەهێزیان نیشانداوە دژی هێرشە بەردەوامەکانی سەر ژنان و ئەو پیلانگێڕییەی کە تا ئێستا لە دژی ئێمە بەردەوامە، ئەمڕۆ پێشەنگەکانی شۆڕش لە خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکرێنە ئامانج و جیهانیش تەماشا دەکات، بە سایەی ئەم شۆڕشەوە نەبووایە، ئێستا تیرۆر لە هەموو جیهاندا بڵاو ببووەوە، ئەو ژنانەی کە بەردەوام دەبن لە کارەکانیاندا هەمیشە دەستکەوتی گەورە بەدەستدەهێنن لە پێناو ئازادی ژناندا، با دەوڵەتی تورک باش بزانێت کە هیچ هێزێک ناتوانێت ژنان لە دۆزو تێکۆشان بگەڕێنێتەوە، ئێمە خاکەکەمان بە کورد و عەرەب و سوریانی دەپارێزین، لەم قۆناغەدا، یەکگرتنی ژنان بناغەی شکستی هەموو پلانەکانی هێرشەکانە.