مامۆستا مەریەم حەسەن: جێگری بەڕێوەبەر و دوو مامۆستا هێرشیان کردە سەرم

لە شاری هەولێر مامۆستایەک بە ناوی "مەریەم حەسەن" ئاماژە بەوە دەکات، دوو مامۆستا و جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی هێرشیان کردووەتە سەری.

ناوەندی هەواڵ


مامۆستا مەریەم حەسەن، کە هێرشی کراوەتە سەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری هەولێر ڕایگەیاند، مامۆستای وانەی ئینگلیزییە لە قوتابخانەی ڕۆشنایی بنەڕەتی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بە ناچاری بۆ ئەو قوتابخانەیە گواستراوەتەوە و خۆی مامۆستای ناوەندییە.

 

"بە شەق و ڕاستەی ئاسن لێیاندام"

مامۆستا مەریەم وتی: لەلایەک بڕێک موچەکەم گێڕدراوەتەوە و جێگری بەڕێوەبەریش پێم دەڵێت، موچەی کەسم نەگێڕاوەتەوە و ئەگەر قسە بکەی بوختانت بۆ دروستدەکەم، دوو مامۆستای ئینگلیزیمان هەیە کە برادەری جێگری بەڕێوەبەرن، ئەگەر منداڵەکانیان دەرنەچێنم بوختانم بۆ دەکەن، ئەمڕۆ هەردووکیان بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری پەروەردە هێرشیان کردەسەرم و دەستم و جلوبەرگەکەم هەمووی خوێنە، بە سەرپەرشتی جێگری بەڕێوەبەر لێیاندام، پێیان وتووم جەنگی دەروونیت لەگەڵ دەکەین یان ئەوەتا دەبێت ئەو خوێندکارانە نمرەی ٩٩ و ١٠٠یان بۆ دابنرێت و پێش تاقیکردنەوەش پرسیارەکانیان بدەمێ، بەڵام من ئەوەم قبوڵ نەکرد، بۆیە بە شەق و پێلەقە و ڕاستەی ئاسن لێیاندام، ئەگەر ئەو کەسانە فەسڵ نەکرێن، بەردەوام دەبم لەسەر سکاڵاکەم، چونکە هەڕەشەی کوشتنیشیان لێکردوم.

 

ئەو مامۆستایە داوای لە وەزارەتی پەروەردە کرد دەستوەردان بکات و کێشەکەی بۆ چارەسەر بکات، هەروەها سزای ئەو دوو مامۆستایە و جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیان بدات، وتیشی: جێگری بەڕێوەبەر ناهێڵێت بۆ ناوەندی بگوازمەوە و ڕێگەم پێنادات، چەند سەرپەرشتیاری پەروەردەیی هاتوون و پێمان وتوون، تا ئێستا چارەسەری کێشەکەیان بۆ نەکردووم، پرسیاری تاقیکردنەوەکانمان لێوەردەگرن، لەکاتێکدا ئاستی منداڵەکانیان بەگوێرەی پێویست نییە و خۆیان نمرەی تەواویان بۆ دادەنێن.