"بە ڕۆحی ١٢ی ئادار فاشیزم تێکدەشکێنین"

یوسرا دەروێش، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ باسی لە ڕاپەڕینی ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤ کرد و وتی: بە ڕۆحی ڕاپەڕینی ١٢ی ئادار لە دژی فاشیزم دەجەنگین.

ڤیان ئامەد

 

قامیشلۆ- لە کوردستان دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان هەمیشە بە بیانووی جیاواز کۆمەڵکوژی دژ بە گەلی کورد ئەنجام دەدات، یەکێک لە کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژیی قامیشلۆیە، لە ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤ لە ئەنجامی یاری نێوان تیپی جیهاد (تیپی قامیشلۆ) و تیپی فتوێ (تیپی دێرەزۆر) لە یاریگای تۆپی پێی شاری قامیشلۆ هێرشێکی نەژادپەرستانە کرایە سەر گەلی کورد و لە ئەنجامدا٩ کەس کە دووانیان منداڵ بوون، گیانیان لەدەستدا، لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییە گەلی کورد لە سەرتاسەری ڕۆژئاوای کوردستان ڕاپەرین.

 

"ڕژێمی سوریا ڕژێمێکی نەژادپەرست بوو"

لە ١٩یەمین ساڵیادی ١٢ی ئاداردا، یوسرا دەروێش، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ سیاسەتەکانی ڕژێمی سوریای هەڵسەنگاند و وتی: ڕۆژئاوای کوردستان ساڵانێکە لە ژێر داگیرکاریی ڕژێمی سوریادایە، ڕژێمی سوریا دەوڵەتێکی نەتەوەپەرست بوو و تێڕوانینی یەک ئاڵا و نەتەوە و کولتوور و زمانی لە ڕۆژئاوا خستە ژێر سەروەری خۆیەوە، بۆیە گەلی کورد هیچ ناسنامەیەکی نەبوو و بە نەبوو هەژمار دەکرا، تەنیا عەرەبی لە قوتابخانەکان و شوێنە فەرمییەکاندا بەکاردەهێندرا، ڕژێمی بەعس تەنیا نەتەوەی عەرەبی دەناسی و نەتەوەکانی تری پشتگوێ خستبوو، زۆر زوڵم و ستەمی لە دژی کورد کردووە، هەروەها پاساوی بۆ هێرشکردنە سەر کوردان دەهێنایەوە، کە یەکێکیان ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤ بوو.

 

"کۆمەڵکوژیی قامیشلۆ لەلایەن ڕژێمی سوریاوە پلانی بۆ داڕێژرابوو"

یوسرا دەروێش ڕایگەیاند کە کۆمەڵکوژییەکەی قامیشلۆ لەلایەن ڕژێمی سوریاوە پلانی بۆ داڕێژرابوو، وتیشی: لە ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤دا یارییەک لەنێوان تیپی جیهادی قامیشلۆ و تیپی فتوێی دێرەزۆر ئەنجامدرا، یاریەکە بۆ وەرزش بوو بەڵام ڕژێمی سوریا یاریەکەی گۆڕی بۆ شەڕ، لایەنگرانی تیپی فتوێی دێرەزۆر کە پێکهاتبوون لە ڕەگەزپەرستان هێرشیان کردە سەر لایەنگرانی تیپی جیهاد و یاریزانەکانیان، ئامانجی ڕژێمی سوریا دروستکردنی گەندەڵی و فیتنە بوو لەنێوان پێکهاتەی کورد و عەرەبدا، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا چەندین کەسی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

 

"ڕاپەڕینی گەل لە دژی کۆمەڵکوژییەکان سەریهەڵدا"

یوسرا دەروێش باسی لە ساتەکانی ڕاپەڕینی قامیشلۆ کرد و وتی: بەهۆی دەسەڵاتی ڕژێمی سوریاوە نەمانتوانی بریندارەکان ببەینە نەخۆشخانە، چونکە نەخۆشخانەکە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بوو لەو سەختیانەدا یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی گەلی کورد دروستبوو، ئەوانەی بریندار بوون خەڵک ئەوانیان دەبردە ماڵی خۆیان و چارەسەریان بۆ دەکردن، لەو ڕاپەڕینەدا گەلی کورد لە سەرتاسەری ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو شاری قامیشلۆ بەڕێکەوتن، ڕژێمی بەعس هەموو ڕێگاکانی گرتەبەر بۆ ئەوەی خەڵک لە قامیشلۆ نەهێڵێت، لەو ڕاپەڕینەدا گەل لە دژی زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس بەرخۆدانیان کرد و ڕاپەرین، ڕاپەڕینەکە بۆ ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بوو و هەزاران کەس ئامادەبوون بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی قوربانیانی ڕاپەڕینی ١٢ی ئادار.

 

"هێرشکردنە سەر تیپی ئامەدسپۆر و جیهاد هەمان ئەقڵیەتە"

یوسرا دەروێش هێرشی نەژادپەرستانەی ئەم دواییانەی سەر ئامەدسپۆری بەم شێوەیە هەڵسەنگاند و وتی: هەفتەیەک بەر لە ئێستا لە باکووری کوردستان لایەنگرانی بورساسپۆر هێرشیان کردەسەر ئامەدسپۆر و هێرشی جەستەیی و سوکایەتی نەژادپەرستانە بە یاریزانەکان کرا، هاوکات لایەنگرانی بورساسۆر وێنەی ئەندامی JÎTEM’ مەحموت یڵدرم کە نازناوی "یەشیل"ە و بووە هۆی کۆمەڵکوژکردنی هەزاران کورد و وێنەی "تۆرۆسی سپی" کە JÎTEM خەڵکی دەڕفاند و دەکوشت پێی، بەرزکردەوە، بەهەمان شێوە لایەنگرانی دێرەزۆر بە دروشمی نەژادپەرستانە و دار و چەقۆ هێرشیان کرد، هەمان شێواز لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدرێت و هەمان ئەقڵییەت بەڕێوەی دەبات.

 

"کاتی نەتەوەپەرستی نییە، کات کاتی نەتەوەی دیموکراتیکە"

یوسرا دەرویش داوای لە گەلی کورد کرد کە لە دژی هێرشی نەژادپەرستانە تێبکۆشن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: تێڕوانینی نەژادپەرستانە دژی بوون و ناسنامەی گەلی کوردە لە هەموو پارچەکانی کوردستان، ڕووداوی هەڵەبجە لە باشووری کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سیاسەتی لە سێدارەدان، لە باکووری کوردستان هێرش و کوشتنی خەڵک و هەروەها لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژیی وەک ١٢ی ئادار هاوشێوەن، ئێمە هەمیشە بە ڕۆحی ڕاپەڕینی ١٢ی ئادار لە دژی فاشیزم دەجەنگین، بانگەوازی ئێمە ئەوەیە کە لە هەموو ناوچەیەکدا دژی تێڕوانینی ڕەگەزپەرستانە تێبکۆشین و وەک گەلی کورد لە دژی هێرش و کوشتن یەکبگرن، چونکە کاتی نەتەوەپەرستی نییە، کاتی نەتەوەیی دیموکراتیکە.