دانیشتوانی سیستان و بەلوچستان ئیدانەی کوشتنی خۆپیشاندەران دەکەن

دانیشتوانی پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی بەشداربووانی ڕاپەڕین.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سەرەتای ڕاپەرین لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن خەڵکی چەوساوەوە دژی ڕژێمی ئیسلامی و یاسا خراپەکانی بەرامبەر ژنان، لە پارێزگای سیستان-بەلوچستان خۆپیشاندانی جەماوەری خەڵکی بەلوچ هەموو هەینییەک بەڕێوەدەچێت.

 

سەرەڕای ئەو دۆخە ئەمنییە زۆرەی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە سەرتاسەری شارەکە و دەستگیرکردن و لێدانی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان، وەک ڕۆژی هەینی بیستەم ڕوویدا، خەڵکی بەلوچ ڕۆژی هەینی ٢٤ی شوبات ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی دژ بە ڕژێمی ئێران و یاساکانیان دەوتەوە.

 

خۆپیشاندەرانی شاری زاهیدان دروشمیان دژی پەراوێزخستنی بەلوچ و کورد و عەرەب و گەلانی تری چەوساوەی ئێران دەوتەوە، پانکارتیان بەرزکردەوە و لەسەریان نووسرابوون: "پێیان وابوو ژینا ئەمینی و نیکا شاکەرمیان کوشتووە، ئەوان تۆوی ڕاپەڕینن"، "مردن بۆ ستەمکار ئەگەر پاشا بێت یان سەرکردە"، ڕاشیانگەیاند هەتا ئازادی بەدەستنەهێنن دەست لە خۆپیشاندان هەڵناگرن.

 

خۆپیشاندەرانی بەلوچ و تورکمانیش لە غالکیش لە شاری گولستان ڕژانە سەر شەقامەکان و هاوخەمییان بۆ هاوڵاتیانی زاهیدان نیشاندا.