گڵکۆی عادیلە خان بە زیندووی دەهێڵرێتەوە

لە مەراسیمێکدا لە عەبابەیلێ پەردە لەسەر گڵکۆی عادیلە خان لابرا و بە گرنگ زانرا کە مێژووی ژنان لە ناوچەکەدا پارێزگاری لێبکرێت.

هەڵەبجە

 

دوێنێ لە مەراسیمێکدا ڕێکخراوی دۆستانی هەڵەبجە لە هۆڵی حاجی حەمە ئەمین لە گوندی عەبابەیلێ پەردە لە سەر گلکۆی عادیلە خانم (شاژنی بی تاج) لابرا، هەروەها چەند وتار و لێکۆڵینەوەیەک خرایەڕوو دەربارەی ژیان و بنەماڵەی عادیلە خانم.

 

نەزاکەت حسێن، مامۆستای زانکۆ دەربارەی مێژووی ژن لە ناوچەی هەڵەبجەدا وتی: هەڵەبجە خاوەن مێژوو و شارستەنیەتی تایبەتە چەندین کەسایەتی و شاعیر و نووسەری تێدا هەڵکەوتووە، تایبەتترینیان ڕۆڵ و کەسایەتی ژنان بووە لە شارەدا، لە وڵاتانی پێشکەوتوودا باس لەوە دەکرێت کە ژنان چۆن ڕۆڵیان هەبێت لە بوارەکانی ژیاندا، بەڵام عادیلە خان لەوکاتەدا وەک ژنێک کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر ئاستی پاشایەتی، بۆیە پێویستە پارێزگاری لە مێژووی ناوی ئەم ژنانە بکرێت.

 

نەزاکەت حسێن باسی لە گرنگیدان بە کەسایەتییەکان کرد و دەڵێت: ئەمەی لە هەڵەبجەدا هەڵکەوتووە، پێویستە بۆ هەڵەبجە گەشەی پێبدرێت و بهێڵدرێتەوە، لە کاتی خۆیدا ئەو ژنانەی هەبوون کاریگەرییان هەبووە، ئێستاش نۆژەنکردنەوەی مەزاری عادیلە خان و کەسایەتییەکانی هەڵەبجە دڵسۆزی و بەگرنگ زانینی ئەو مێژوو و شارستانییەتەیە کە دەبێت بپارێزرێت و ببێتە مۆدێلێک.

 

عادیلە خانم کچی عەبدولقادر بەگی حمید بەگی ساحێبقرانە، لە ساڵی ١٨٥٩ لە شاری سنە لەدایکبووە، ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە بەڕێوەبردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەریدا، عادیلە خان لە دوای کۆچی دوایی هاوژینەکەی دەسەڵاتی هۆزی جاف دەگرێتە دەست و کارەکانی وەک ژنێکی سەرکردە ئەنجام دەدات، سەرۆک هۆزەکانی ناوچەکانی تری کوردستان نازناوی شاژنی بێ تاج و ئینگلیزەکانیش "خان بەهادوریان" پێبەخشیوە.

 

عادیلە خان ٢٨ ئەیلولی ساڵی ١٩٢٤ کۆچی دوایکردووە و لە شاری هەڵەبجە بەخاک سپێردراوە.