لە بوومەلەرزەکەدا ژمارەی قوربانیانی عێراقی بەرز بووەوە بۆ ٨٧ کەس

بەپێی زانیارییەکانی باڵیۆزی عێراق لە تورکیا ژمارەی قوربانیانی عێراقی لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا بەرزبووەتەوە، ٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیبراهیم خەلیل، ​​بەرپرسی کاروباری عێراقی لە تورکیا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ژمارەی قوربانیانی عێراق لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە ناوەندەکەی مەڕەش و دیلۆک بوو، بەرزبووەتەوە.

 

لە پێشتردا باڵیۆزی عێراق ڕایگەیاندبوو کە ٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٨ کەسی دیکە بێسەروشوێنن، لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردندا و بەپێی ئاماری نوێ، دوو لەو کەسانەی بێسەروشوێن بوون دۆزرانەوە، گیانیان لەدەستداوە، کە یەكێكیان لە شاری مەڕەش و دووەمیان ژنێكە لە عەنتاب.

 

بەپێی ئاماری نوێ کە ئیبراهیم خەلیل بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدانی عێراقییەكان گەیشتووەتە ٩ كەس، گەڕان بەدوای وونبووەكان و ئەوانی دیكەدا بەردەوامە، هەروەها ٥١ عێراقی لە شاری ئەدەنە، ١٥ لە مەڕەش، ٥ كەسی دیكە لە هاتای و یەكێكیش لە دیلۆک بریندار بوون.

 

هاوکات باڵیۆزخانەی عێراق ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی دامەزراندووە و ژمارەی تەلەفۆن و ئیمەیڵی تەرخانكردووە بۆ وەرگرتنی پەیوەندی زانیاری، دواتر شانەی قەیرانی توركیا ئاگادار دەكاتەوە بۆ ئەوەی تیمەكانی فریاگوزاری بەرەو ئەو شوێنانە بنێرێت، لە باڵیۆزخانەی عێراقیش تیمی فریاگوزاری ئامادەكراون بۆ هەر شارێك كە پێویستیان بەو تیمە بێت.