لە چەندین ناوچەی باشووری کوردستان کەمپین بۆ باکوور و ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت
هاوڵاتیانی باشووری کوردستان هاوکارییەکانیان بۆ زیانلێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەنێرن و چەندین کەمپین بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان ڕاگەیەندراوە.
ناوەندی هەواڵ
دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە ناوەندەکەی شاری مەڕەشی باکووری کوردستان بوو و زیانی گەورەی لە باکووری کوردستان، تورکیا، ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا لێکەوتەوە، لە باشووری کوردستان چەندین کەمپینی هاوکاری دەستیپێکرد بۆ ناردنی پاڵپشتی و کەلوپەل بۆ کوردان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان.
کەمپەینەکانی لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەمشێوەیەیە؛
شاری سلێمانی
- کەمپینی "هاوخەمتانین، لە ئەمنەسورەکەی شاری سلێمانی بە سەرپەرشتی دەزگای میدیای کوردسات، ڕێکخراوی سی دی ئۆ، ڕێکخراوی منداڵپارێزی ئەمریکی، ڕێکخراوی هێریزۆن بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩ی بەیانی بۆ ٩ی شەو هاوکارییەکان وەردەگیرێن.
- لە کارگەی جگەرەکە لە شاری سلێمانی کەمپینی هانا" لەلایەن چەند چالاکوان و ئازایخوازان و کەسایەتی سیاسی کوردستان دەستیپێکرد، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی دەستپێدەکات و تا ٥:٠٠ی ئێوارە دەخایەنێت، بڕیارە تا ٥ ڕۆژی داهاتوو بەردەوام بێت.
شاری هەولێر
-دوێنێ لە شاری هەولێر لەلایەن هونەرمەندانی سەندیکای هونەرمەندانی هەولێر کەمپینێک ڕاگەیەندرا و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، رۆژانە لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی تاوەکو ٦:٠٠ی ئێوارە لە بارەگای سەندیکای هونەرمەندانی لقی هەولێر ئامادەن بۆ وەرگرتنی هاوکارییەکان.
گەرمیان
-لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ژماریەک لە چالاکوانان و خێرخوازان و وڵاتپارێزان، بە ناوی "کەمپینی ئەنجومەنی هاوکاری گەرمیان" کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکارییان بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد.
-بەشێک لە ڕێکخراوەکانی گەرمیان لە شارۆچکەی کەلار بە دروشمی "گەرمیان هەمیشە پشتیوانی لێقەوماوانە" لەبەردەم "ماڵی حاجی ئاهوی خێرخوازی" چادریان هەڵدا و ڕۆژانە هاوکارییەکانی هاوڵاتیانی گەرمیان کۆدەکەنەوە.
ڕاپەڕین
-دوێنێ لە زانکۆی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، کەمپینی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا و هاوڵاتیان وەک هەستی نیشتمانی و بەرپرسیارێتییان هاوکارییەکانیان گەیاندە کەمپینەکە و بەردەوامە لە وەرگرتنی هاوکاری.
کۆیە
-لە هۆڵی نەجیبە خان لە تەنیشت یاریگای سەرەكی شارۆچکەی کۆیە دوێنێ کەمپینێک دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت، ڕۆژانە لە كاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانییەوە تا كاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە هاوکارییەکان کۆدەکرێتەوە.
-بەشێک لە هاوڵاتیانی ناحیەی تەقتەق کەمپینێکیان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتی بۆ زیانلێکەوتووان و قوربانیانی بومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردوستان لە شارۆچکەی تەقتەق ڕاگەیاند و هاوکارییەکان کۆدەکەنەوە.
کەرکوک
-دوێنێ ڕێکخراوی مینا لە نزیک شیرینی بەتام لە شاری کەرکوک دەستی بە کۆکردنەویە کۆمەک و هاوکاری بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کرد.