ئامارەکان ناڕوونن و پێشێلکاری بەرامبەر ژنان دەکرێت

ئاماری ساڵی ٢٠٢٢ی توندوتیژی سەر ژنانی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە و بەپێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەو ساڵەدا ٤٤ ژن کوژراون، لە کاتێکدا ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەرێمی کوردستان، ئاماری توندوتیژییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی ڕاگەیاند، بەڵام دەربارەی کوشتنی ژنان ئامارەکەی جیاوازییەکی زۆری لەگەل ئەو ئامارەدا هەیە کە ئاژانسی نوژنها تۆماری کردووە.

 

دوێنێ ١ی شوبات، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، فێنک شەفیق، بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژی ئافرەتان و خێزان ڕایگەیاند ساڵی ڕابردوو، ١٥ هەزار و ٨٩٧ کەیسی توندوتیژی خێزانی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تۆمارکراوە، کە لەو ڕێژەیە ١٠ هەزار و ١٦٠یان توندوتیژی بەرامبەر ژنان بووە، پێنج هەزار ٤٥٩ کەیسیش تایبەت بە خێزانە، هەروەها لە ئێستادا چوار هەزار و ٩٤٦ کەیس لێکۆڵینەوە تێیدا بەردەوامە، هەشت هەزار و  ٦٤٣ دۆسیە یەکلایی بوونەتەوە لەناو ئەو دۆسیانەدا دوو هەزار و  ٦٠٥یان ڕاوانەی دادگا کراون.

 

فێنک شەفیق ئەوەشی خستەڕوو کە ساڵانە جۆرەکان و شێوازەکانی ئەنجامدانی توندوتیژی گۆڕانکارییان بەسەردادێت، بە جۆرێک لە ٢٠٢٢دا، سێ هەزار و ٥١٥ حاڵەتی لێدانی جەستەیی، سێ هەزار و ٤٠٣ حاڵەتی شەڕکردن، دوو هەزار و ٦٥٩ حاڵەتی هەڕەشەکردن و هەراسانکردنی ژنان، ٥٣٩ حاڵەتی ناپاکی هاوسەرگیری، ٤٢٠ توندوتیژی زارەکی، ٢٦٧ حاڵەتی فڵێکردن و هەڵخەڵەتاندن، ٢٤٤ بوختانکردن، ٤٣٢ حاڵەتی کردنە دەرەوەی ژنان لە ماڵ تۆمارکراون.

 

بەپێی ئامارەکە چوار هەزار و ٤٣٧ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەنجامدەرانی توندوتیژی هەبووە، کە سێ هەزار و ٥٦١ تۆمەتبار و بکەری توندوتیژی دەستگیرکراوان، هەروەها ٥٣٤ تۆمەتبارانی  ئەنجامدانی توندوتیژیش دەستگیرنەکراون.

 

ئەوەی جێی سەرنجە، لە ئامارەکەدا هاتووە، کە ٤٤ ژن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کوژراون، بەڵام بەپێی ئەو ئامارەی کە ئاژانسی نوژنها مانگانە تۆماری دەکات و ساڵانە بە کۆی گشتی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی دەکاتەوە، ساڵی ڕابردوو ٧٣ ژن کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن کراون، جیاوازی ئاماری کوشتن بەو ڕێژە زۆرە گومان لە ئامارەکاندا دروستدەکات و دووبارە توندوتیژییەکی دیکەیە بەرامبەر ژنان.